اجتماعیاسلایدفرهنگییادداشت

کاریگەری وشەکان لە سەر ژیانمان

وشەکان بەشێکن لەژیانمان پانتاییەکی فراوانیان لە تەمەن و کاتمان داگیرکردووە، بەهۆی وشەکانەوەیە دەتوانن پەیوەندی لەنێوان کەسەکانی دەوروبەرمان دروستبکەین و کارەکانی ڕۆژانەمان ڕاپەڕێنین. هەرتاکێکی تەندروست لەگەڵ گەورەبونیدا، قۆناغ بەقۆناغ زاری دەپرژێ و گڕوگاڵی فێربوونی زاراوەی دایک دەکات، لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی دەربڕینی وشەکان و هەڵبژاردنی جۆری وشەکان گۆڕانکاریان بەسەردادێت.

ماسولکەی زمان بەهێزدەبێت و بەو شێوەزارەی کە زیاتر ئاخاوتن دەکات زمان پاراوتر و شارەزاتردەبێت لە دەربڕینەکانی و تێگەیاندنی کەسانی دەوروبەری
هاوتەریب لەگەڵ زمانی قسەکردن، زمانی جەستە، زمانی ئاماژە، زمانی ژمارەکان، زمانی هەستەکانیش هەیە، بەپێ کات و شوێن و جۆری گفتوگۆکە گرنگی و واتاکانیان دەگۆڕدرێت، بەڵام زمانی ئاماژە بەشوەیەکی سەرەکی تایبەتە بەو مرۆڤانەی کە خاوەن پێداوستی تایبەت و نابیستن.

لە جیهاندا چەندین دەوڵەت و وڵات و هەرێم و دورگەیەک شێوەزاری تایبەت بەخۆیان هەیە، بەشێکە لە کلتور و ناسنامەیان و پاراستنی لە فەوتان ئەرکی سەرشانیانە، ئێمەی مرۆڤ کە دانیشتوی ئەم گۆی زەوییەین و ڕۆژانە ژیانی تێدا بەڕێدەکەین لەگەڵ ڕەفتارەکان، وشەکانی ناو گفتوگۆکانمان لەماڵ و ناوخێزان یاخود شوێنی کار، لەگەڵ هاوڕێ و خزم و ناسراوانبێت یان جێگا گشتیەکان و وەیاخود لە کاتی سەفەر و گەشتەکاندا وشەکان سەنگ و قورساییەکی گەورە لە سەردڵ و دەرون و بیکردنەوەمان بەجێ دەهێڵن، ئەگەر چی لە ڕوکەشدا وادیارە بۆ بەڕێکردنی کارەکانمانە بەڵام لە ڕاستیدا بەشێکن لە بوونمان و هێزیان لێوەردەگرین لە کاتە جیاکاندا.
کاتێک پێوستمان بە ڕاوێژکاری کەسێکە و پەیوەندی پێوەدەکەین، بەڕونی ئاسەواری وشەکانی لەدەرونمان دەبینین و ڕاڕای و گومانەکانمان یەکلادەکاتەوە و هەستی دڵنیای لە ناخماندا چرۆدەکات.

ئەوکاتەی سەرکەوتنێکمان تۆمارکردووە لە کارێکدا و دڵخۆشیمان بە هەزار نۆتە ئاوازی خۆشبەختی دەژەنێ، وشە ناسک و پڕواتاکانی دەوروبەر و دڵسۆزانمانن جۆش و خرۆش بە دڵمان دەدەن و ئاهەنگی سەرکەوتنمان ڕازاوە و هەستی ئیرادە و بەردەوامی لە بونمان زیاتردەکەن.

کام لە ئێمە دۆخێکی قورس و خەمناک و سامناکدا لە ژیانیدا دروست نەبووە، بەجۆرێک هەستی بەسڕبون و تۆقین و تاریکی کردووە، بەڵام وشەگەلێک کە بەگوێدا چرپێنراون و پڕ بوون لە ورە و گەشبینی و بێ هیوانەبوون و کۆڵنەدان بوون بەهۆکاری هەستانە و گۆڕانی دڵتەنگی بۆ شادی و هەستی تەنهای بۆ پاڵپشتی، بونەتە هۆی دوبارە دەست پێکردنەوە لەو شوێنەی کە ڕاوەستاوە گۆڕینی بیری ئەرێنی بەبیری نەرێنی، خەندەکردن بە ڕووی پێشهات و ڕوداوەکانی ژیانی لەسەر پێی خۆی وەستاوەتەوە بۆ هەمیشە.

زۆر ساتی جوان و ڕوداوی مێژووی و بابەتی نایابیش هەبوون لە ژیانی مرۆڤدا، وشەی زبر و ڕوخێنەر و تەڵخکەر و دڵ توندکەر و زار وشکەر، بونەتە هۆی تێکدان و بە خۆڵەمێش کردنی ڕۆحی خاوەنەکەی و خاپورکردنی خۆزگەکانی و هەڵکێشانی نەمامی خەونەکانی وشکردنی باخی ئامانجەکانی.

بیرمانبێت هونه‌ری گفتوگۆ، یه‌کێک له‌ هونه‌ره‌ گرنگه‌کان ده‌بێت هه‌موومان به‌جوانترین شێواز فێری بین و به‌کاری بێنین له‌ ژیانی رۆژانه‌ماندا، چونکه له‌ڕێی گفتوگۆ وە ده‌توانین ده‌ستنیشانی ئاستی که‌سایه‌تی و ڕۆشنبیری به‌رانبه‌ره‌کانمان بکه‌ین.

فه‌یله‌سووفی یۆنانی سوقرات وتوویه‌تی (تکلم حتی ٲراک) واته قسه‌ بکه‌ تا بتبینم، له‌ سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا هونه‌ری گفتوگۆ وه‌ک پردێکه‌ بۆ دروستکردنی پەیوه‌ندی زیاتر و گه‌شه‌پێدان به‌ بازنه‌ی ناسین له‌گه‌ڵ خه‌ڵک، چ له‌ شوێنی کار یان شوێنی خوێندن و ته‌نانه‌ت له‌ هاوڕێیه‌تی.

ده‌بێ دەرک بەو ڕاستیە بکەین وبزانین تا قسه‌کانمان جوان و پڕواتا و به‌بنه‌ما بێت، ئه‌وا  خۆمان له‌ دڵی خه‌ڵک جێ ده‌که‌ینه‌وه‌ و ده‌بینه‌ جێی رێز له‌لایان، ئاشکرایە کە گفتوگۆکردن دوو ڕووی جیاوازی هه‌یه‌ ئه‌ویش له‌ڕووی (ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌)، له‌ڕووی زانستی ده‌روونناسییه‌وه‌ قسه‌ ئه‌رێنییه‌کان کاریگه‌رییه‌کی یه‌کجار باشیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر به‌رانبه‌ره‌کانمان، ئه‌مه‌ش به‌پێچه‌وانه‌ی قسه‌ نه‌رێنییه‌کانه‌ له‌رووی کاریگه‌رییه‌وه‌.
کەواتە ئێمەی مڕۆڤ ئەبێت بیرمانبێت و بزانین کە:

۱/ چۆن قسەدەکەین وشەکان چۆن ڕیز دەکەین و بە چ ئاوازێک هاوکات لەگەڵ چ جوڵەیەک دەری دەبڕین.

۲/ دوور کەوتنەوە لە تاڵیەکانی زمان وەک درۆکردن غەیبەت وبوهتان و دوو زمانی  وجوێن وقسەی نەشیاو و تانە دان.

۳/ زمانی بپارزێت لەو شتانەی پەیوەندی بەئێمەوە نییە یان زانیاریمان لە بارەیەوە نییە: (قل خیراً أو اصمت ). قسەی خێر بکە یان بێ دەنگ بە

۴/ کاتێ کەسێک قسەی بۆ کەسێک کرد لەو کاتەدا ئاوڕی دایەوە واتە ئەو قسەیە ئەمانەتە و نابێ بۆ کەسانی تری بگێڕیتەوە.

۵/ واجوانە سەرەتا قسەی لەگەڵ کەسی بەتەمەندا بکرێت لە مەجلیسەکاندا.

۶/ نەبڕینی قسەی بەبەرانبەر.

۷/ لەسەرخۆ قسە کردن و پەلە نەکردن تیایدا زانایان دەڵێن لە۱ خولەکدا هەر مرۆڤێک دەتوانێت ۱۲۰ وشە دەرببڕێت

۸/دەنگ نزم کردنەوە لەکاتی قسە کردندا

۹/ واجوانە مرۆڤ قسە و کردەوە وەک یەکبێت

۱۰/ دوور کەوتنەوە لەموناقەشە و جیدال و دەمە دەم کردن.

۱۱/ زۆر لەخۆ نەکردن لەقسەکردندا وخۆ فەرز نەکردن بەسەر کەسانی تردا.

۱۲/ بەکارهێنانی جوڵەی دەست  و سەیرکردنی بەرامبەر لەکاتی قسەکردندا

۱۳/ هەڵبژاردنی وشەکان بەوریای و دیقەتێکی زۆرەوە کاتێک بە نامە و ئیمێڵی ئەلیکترۆنی و کاغەز یان پەیوەندی تەلەفۆنی قسەدەکەین چوون بەرامبەر دورە لێمان بەتۆنی دەنگ و ئاماژەی دەست و ڕوخساردا ناتوانی درکی ناوەڕۆکی تەواوەتی قسەکانمان بکات. ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی.

ڕۆشنا ساڵح بامۆکی

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا