
ڕێگە هەوراز و نشێوەکانی هەمزاتۆڤ
ڕێگە هەوراز و نشێوەکانی هەمزاتۆڤ
ڕۆژێکیان شاعیری داغستانی ڕەسوڵ هەمزاتۆف (۱۹۲۳-۲۰۰۳)، نامەیەکی لە سەرنووسەری گۆڤارێکەوە پێگەیشت. کاتێک نامەکەی کردەوە، بۆی دەرکەوت ئەوەی نامەکەی ناردووە، داوای لێ دەکات بەشداریی لە ڕۆژەڤێکی گۆڤارەکە سەبارەت بە وڵاتەکەی داغستان و کرێکارە سادەکانی ئەوێ: سەربردە و هیواکانیان بکات.
با قسەکانتان سەبارەت بە سبەینێی گەشاوەی ناوچە شاخاوییەکانتان و نەریتەکانی بێت، کە سەدان ساڵە و لە کۆنەوە ڕەگیان داکوتاوە، با بە شێوەیەکی سەرەکی سەبارەت بە ئێستای نایابیشی بێت. بڕیارمان داوە تۆ باشترین کەسیت کە دەتوانیت بەو جۆرە لەسەر ئەم بابەتە بنووسیت، کە خۆت پێت خۆشە : چیرۆک، گوتار، گوتاری ڕۆژنامەوانی، کۆمەڵێک سەربردەی وەسفکەر، قەبارەی مادەی پێویست ۹ بۆ ۱۰ لاپەڕەیە لەسەر ئامێری تایپکردن، کاتی بەردەستیش بۆ تەواوکردنی ئەمە لە نێوان ۲۰ بۆ ۲۵ ڕۆژ دایە.
هەمزاتۆڤ بە لاقرتێوە دەپرسێت: ئایا سەرنووسەری گۆڤارەکە هەموو شتێکی لە جیاتی من بڕیاریداوە؟ ئایا من بڕیارم داوە، بە نۆ لاپەڕە و لە ماوەی بیست ڕۆژدا باسی داغستانی خۆم بکەم؟، بڕیاریدا نامەکە پشتگوێ بخات، کە وەک سەرکۆنەکەری وەسفی دەکات. دوای چەند ڕۆژێک پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە هەمان سەرنووسەرەوە پێ دەگات، بەم شێوەیە دەست پێ دەکات: سڵاو ڕەسوڵ! ئایا نامەکەی ئێمەت وەرگرت؟ بە بەڵێ وەڵامی دایەوە، ئەوەشی خستە سەر، سەرقاڵە و هیچ کاتێکی نییە داواکارییەکەی جێبەجێ بکات، سەرنووسەرەکەش وەڵامێکی توندی دایەوە: ڕەسوڵ ئەوە چ دەڵێی! هیچ بوارێک بۆ ناڕەزایەتی نییە. ژمارەی تیراژی گۆڤارەکەمان نزیکەی یەک ملیۆنە، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتەکەشماندا دەخوێندرێتەوە، ئەگەر بەڕاستی سەرقاڵیت، پیاوێکت بۆ دەنێرین کە هەندێک بیرۆکە و وردەکاریی پێ بڵێیت، ئەو خۆی کارەکە تەواو دەکات. دواتر نووسینەکانی دەخوێنێتەوە، هەڵەکان ڕاست دەکەیتەوە و واژۆی دەکەیت، گرنگترین شت لەلای ئێمە ناوەکەی تۆیە.
ئەم پاڕانەوانە نەیانتوانی هەمزاتۆڤ لە هەڵوێستەکەی پاشگەز بکەنەوە، بەڵام کە باسی چۆنیەتی سەرهەڵدانی بیرۆکەی نووسینی کتێبە سەرسوڕهێنەرەکەی )داغستانی من)، لە پێشەکی بەرایی کتێبەکەیدا بە ناونیشانی: ئەم کتێبە چۆن لەدایک بووە؟ لە کوێ نووسراوە؟ دەکات و لە کۆتایی دواتریشیدا دەڵێت: ئازیزەکەم سەرنووسەری گۆڤارەکە، ئەو داواکارییە جێبەجێ دەکەم کە لە ناوەرۆکی نامەکەتدا هاتوو. بەم زووانە دەست بە نووسینی کتێبێک لەسەر داغستان دەکەم. بەڵام بمبوورە، ئەو کاتەی بۆت دیاری کردووم بەشم ناکات. ئەم ڕێگەیانەی کە دەبێت بەسەریاندا بڕۆم زۆرن، ڕێگەکانی لای ئێمەش لە چیاکان زۆر تەسک و زۆر بە هەوراز و نشێون. ئەو نۆ دە لاپەڕەیەی کە سەرنووسەرەکە داوای کردبوو، لەلای هەمزاتۆڤ بووە کتێبێک، کە ژمارەی لاپەڕەکانی لە پێنجسەد زیاتر بوو، بە دەیان جار چاپکرایەوە، بۆ سەر چەندین زمان وەرگێڕدرا و بە ملیۆنان کەس خوێندیانەوە، نەوەک تەنها ملیۆن خوێنەری گۆڤارەکە. کتێبێکە کە هەرگیز لە گەڕانەوە بۆ سەری وەڕس نابین، وەک ئەوەی یەکەم جارە دەیخوێنینەوە. بۆ لای نووسەرە گەورەیە دەگەڕێینەوە، چونکە پارەکە لە یادی۱۰۰ ساڵەی لە دایکبوونی هەمزاتۆڤدا، لە یەکێک لە شارەکانی وڵاتەکەی داغستان، هونەرمەندانی وێنەکێشی بەهرەمەند لە شارە جیاوازەکان کۆبوونەوە، وێنەی هەڵێنجراویان لە چیرۆک و قەسیدەکانی لەسەر دیواری باڵەخانە فرە نهۆمییەکاندا نەخشاند.
نووسەر: حەسەن مەدەن/ وەرگێڕان: ڕەمزی میرەکانی




