
عیسا ئەحمەدی-سنه/ بە هۆی داخرانی یەک لە دوای یەکی کارخانەکان، خەڵکی شار تووشی بێکاری و نەداری هاتبوون. تەنیا دڵخۆشییان ئەوە بوو کە ژنە ملیاردڕێک لە دەرەوەی وڵات بەڵێنی دابوو بە مەرجێکی تایبەت، پارەیەکی زۆر دێنێتە ئەو شارە.
لە ئێزگەی شەمەندەفەر(قەتار)، خەڵک هاتبوونە پێشوازی خاتوون. چەن پیرە پیاوی خزمەتکار، بنەوبارخانەی شاهانەو تابووتێکی بەتاڵی لە گەڵ خۆی هێنابوو. پاش بەخێرهاتنی لە لایەن پیاو ماقووڵانی شار، خاتوون وتارێکی ڕاست و پەتی پێشکەش بە خەڵک کرد: من هەر هاوشاری خۆتانم و ناوی خۆم گۆڕیوە. چل و چەن ساڵە بە ڕواڵەت لێتان دوورم. ئەو دەمەی کە کچێکی هەژار بووم، هەر لەم شارە لاوێک بە بەڵێنی هاوسەرگیری فریوی دام. کەچی لە گەڵ کچێکی بەقاڵ زەماوەندی کرد. منی بێدەرەتان پەنام بردە بەر دادوەر. بەڵام بە هۆی شاهێدی درۆی دوو بێویژدان، ئابڕووم بوو بە ئاردی نێو دڕکان. لەبەر تانەی خەڵک، سەری خۆم هەڵگرت. باسی دەوڵەمەند بوونەوەم با بمێنێ، بەڵام لە مێژە بە پارەی زۆر، قازی و ئەو دووکەسەم بە نۆکەری گرتووە و لە خزمەتتانن. نەهاتووم کای کۆن بە با کەم. یەک ملیارد دولارم هێناوە. پانسەد ملیونی بۆ ئاوەدانی شار پێشکەش بە بەرپرسان. پانسەدیش بۆ خەڵک، لە نێو خۆتان دابەشی کەن. تەنیا مەرجم ئەوەیە ئەو لاوە کە ئێستا پیرە بەقاڵی شارە، بە مردووی لەو تابووتەی نێن.
خەڵک کردیان بە هاوار کە ئێمە چۆن کاری وا دەکەین، خۆ کافرستانی نیە! خاتوون وتی: من وەکوو کەری قەرەچی هەموو دۆڵێ گەڕاوم، لە ماڵی زۆر سیاسەتوان ڕۆژم کردۆتەوە. جارێ لە هوتێلی شار چاوەڕوانم.
کابرای بەقاڵ دڵخۆش بە پشتیوانی خەڵک، لە دووکانی خۆی دانیشتبوو. بەڵام خەڵک وەکوو جاران نەبوون. وەکوو کەسێ کە هێشتا وڵاخی نیە، ئاخوڕی بۆ دەبەستێ؛ یەکێ بە دوای خانووی گەورەتر دەگەڕا، ئەویتر لە سەروبەرەی دانانی قومارخانە بوو…. تەنانەت چەن کەسێک بۆ کڕینی شتومەکی قەرزی هاتبوونە لای خودی بەقاڵ، کە دوایی پارەمان دەسکەوت ئەیدەینەوە بە منداڵەکانت، بەقاڵ کێچ کەۆتە کەوڵی.
پۆلیس پرسیاری کرد: کەسێک هێرشی کردووە سەر ماڵ و ژیانت؟
بەقاڵ وتی قوربان هێرشی چی؟ جەماعەتێکی زگ قوپاو، بەشی پڕپۆڵەیێک ئارد لە ماڵی خۆیان شک نابەن، ئێستا قسەی ملیارد دەکەن، دەی چۆن بیر لە تیابردنی من ناکەن؟
پۆلیس وتی باشە برسیەتی تاوانە؟
بەقاڵ وڵامی دایەوە: نەخێر بەڵام ڕەگی هاری پێوەیە.
سەرۆکی شارەوانی وتی ڕەنگە بۆ لەناوبردنی کەسێک چەن هەزار دولار بدەن، بەڵام ملیارد لە گەڵ عەقڵا ناگونجێت. بەقاڵ وتی ئاخر ئەوە نرخی شارێکە.
بەقاڵ بێهیوا لە یاسا، پەنای بردە کلیسا. قەشە وتی تەنیا دۆعام لە دەست دێت. بەقاڵ وتی بۆ خەڵکی بکە، شەیتان بە پارەی مافیای لەشفرۆشان ویژدانی خەڵک دەکڕێ. قەشە تووڕە بوو: ئەک داوەشێی، ئەو هەموو پیاوچاکە لە نێو شارن،شەیتان چۆن سەردەکەوێ؟ بەقاڵ وتی: هۆکاری سەرکەوتنی شەیتان هەر بێدەنگی پیاوچاکانە. قەشە وتی بۆ ناچی لە ماڵی خۆت داکەوێ، بیر لە قەبر و قیامەت بکەیتەوە؟
بەقاڵ گەڕاوە بۆ ماڵ. کوڕی بەقاڵ وتی باوکە، بڕیارە لای برادەرێک فێری شۆفیری بم. بەقاڵ وتی: ڕۆڵە من ئەسپێ لە گیرفانم هەڵدەپەڕێ، لە کۆی ماشێن بکڕم؟ کوڕە وتی خودا کەریمە! ژن و کچی بەقاڵ لە بازار بە قەرز جلی تازەمان کڕیبوو. بەقاڵ وتی جا چۆن قەرز بارکەین؟ ژنی بەقاڵ وتی خودا گەورەیە!
بەقاڵ لە بەر خۆیەوە بیری لەوەی دەکردەوە کە لەم ئاخری پیری و ئەوەڵی تڕۆیی، پێچەو کردن لە هەموو شتێ باشترە. جانتا لە شان لە ئێزگە چاوەڕووی قەتار بوو. هەموو شار هاتبوون بەڕێی بکەن. ئەوەندە ئەملاو ئەولایان ماچ کرد تا دەرفەتی قەتاری، لێ قوتار بوو.خەڵک وتیان تەقدیر تەدبیری بڕی. قسمەت نەبوو تەشریف بەری!
پاش چەن حەوتوو، چەن ڕیش سپی چوونە هوتێل. وتیان خاتوون، عەیبە! هەموو یەکشەمان لە کلیسا زەماوەندی تۆیە. جارێک مێرد دەکەی بە شاعێری پرهەستمان، ژەنیاری لاومان، نیگارکێشی بەهرەوەرمان… شەمەی دواییش بە پارە، تەڵاقنامەیان پێ مۆر دەکەی. خەریکی دەستە چەورەکەی خۆت دەساوی بە سەر ژن وکچی ئەم شارەدا. ئاخر چۆن هەموو حەوتووێ، کەری کۆن و هەوساری نوێ؟ وتی منیش پاک بووم، ئێوە منتان بەو ڕێگایە برد، کۆنە قەرزتان دەدەمەوە.
وتیان ئەی بۆ کارخانەکان ناکڕێ با وەگڕ کەون؟ وتێ لە مێژە کڕیومن و دەرکەیانم بە قوڕ گرتووە.
کار لە کار ترازا بوو. شەوێک خەڵکی شار کۆبوونەوە. وتیان بە بەقاڵ ئەم خاتوونە بە دوای عەداڵەت هاتووە و نرخەکەشی دەبژێرێ. بەقاڵ وتی من لە مرۆڤێکی ساکار، شەیتانێکم خولقاند. بەڵام لەم ماوەدا بۆم دەرکەوت ئەوەی کە لەشی خۆی دەفرۆشێ زۆر لەوەی کە خەڵکی دەفرۆشێ پیاوترە. ئێمە مێشکمان لە سکمان برسی ترە، تەنیا قۆڕەی نایێ.
بێ لەقەفرتێ خۆم دەچمە نێو تابووتەکە. چراکان بکووژێننەوە.گەورەکانی شار لە دەوری تابووت بوون. بەیانی لەبەر هوتێل، مرۆڤ و پارە ئاڵۆگۆڕ دەکران.
فردریش دۆرێنمات۱۹۵۶




