اجتماعیاسلایدفرهنگییادداشت

چیرۆکی نەبیستراو لەبارەی کیژەکەی کافرۆش

چیرۆکی نەبیستراو سەبارەت به كیژەكەی كافرۆش (کچی کافرۆش) "مۆنالیزای كورد"

دەنگانا/ لە سەدەکانی رابردوودا کوردستان پڕ بووە لە چیرۆکی جۆراوجۆری تراژیدی، خۆشەوستی و بەرەنگاریی. بەشێک لەو چیرۆکانە تا ئەمڕۆش وێردی سەر زمانی کوردانن و دەم بە دەم دەیگڕێرنەوە و کۆڕ و کۆبوونەوەکانیانی پێ دەڕازێننەوە. یەکێک لە تراژیدیترین چیرۆکی کوردی، چیرۆک و بەسەرهاتی “کچی کافرۆش”ە، کە بووە قوربانی ویستی نەگریسی داگیرکەر و لاوازی کوردان.

کچی کافرۆش چیرۆکی جوانی وتراژیدییە، سیمبوڵی بەرەنگاریی و قوربانیدانی ژنانی نەتەوەیەکی ژێردەستە.

لە سەردەمی کۆلۆنیالیزمی بەریتانی لە عێراق و کوردستان، ئەفسەرێکی بەریتانی ئاشقی کچێکی کورد دەبێت کە لە ئێرانەوە ھاتووەتە باشووری کوردستان، لەکۆتاییدا، ئەفسەرەکە کچە کوردەکە دەفڕێنێت و دەیباتە بەریتانیا، بەڵام لەوێ کچەکە ژەھرخوارد دەکرێت و گیان لەدەستدەدات.

لە ساڵانی ۱۹۳۰ـەکان، ژیانی کچێکی گەنجی کورد بۆ هەمیشە گۆڕا، کاتێک لەلایەن ئەفسەرێکی بەریتانیاوە لە هەولێر دەڕفێنرێت. ناوی تەواوی کچی کافرۆش، “خەجیج جومعە مەولود شکاک”ـە. بەپێی گێڕانەوەکان لە ۱۹۲۰ لە دایک بووە. بەهۆی جوانییەکەیەوە لە تەمەنی ۱۲ ساڵی بووە بە سیموڵی جوانی لە ناوچەکە.

بەپێی گێڕانەوەکان، کچی کافرۆش، لە کەس نەچووە، جوانییەکەی لە جیهاندا هاوشێوەی نەبووە، بە ئاسانی دڵی خەڵکانی ناوخۆ و بیانییەکانی بردووە”. ناوی کچی کافرۆش، بۆ پیشەی باوکی دەگەڕێتەوە کە لە دووکانێکی بچووک لە هەولێر، پیشەی کا-فرۆشی بووە.

خێزانەکە بەهۆی لەسێدارەدانی سمکۆی شکاکەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاوارەی هەولێر بوون، لەوێ ژیانێکی چەرمەسەری ژیاون، کچی کافرۆش کە تەنها برایەکی هەبووە، ئەو خوشک و برایە بۆ باوکیان هەموو دونیا بوون.

بەپێی گێڕانەوەکان، لە ۱۹۳۴، کاتێک تەمەنی تەنها ۱۳ ساڵان بووە، کچی کافرۆش لەلایەن ئەفسەرێکی بەریتانی نزیک تەکیەی شێخ عەبدولکەریم لە هەولێر رفێنراوە و بردراوە بۆ بەغداد. رفاندنەکە هەڕەمەکی نەبووە، چونکە ئەفسەرەکە چەندین جار بە پێدانی پارە و پلەو پۆست ویستوویەتی جومعەی باوکی کچی کافرۆش قایل بکات، کچەکەی پێبدات، بەڵام باوکەکە رەتی کردووەتەوە رازی نەبووە کچەکەی بدات بەو ئەفسەرە بەریتانییە. بۆیە رفاندنەکە پیشاندانی هێز و دەسەڵات بووە بەرامبەر خێزانێکی کوردی بێ دەرەتان و بێ دەسەڵاتی ژێر دەستە.

شێرزاد محەمەد، برازای خەجیج (کچی کافرۆش) که باوکی خەجیج دەبێته باوه گەورەی(باپیرەی) سەبارەت بەم روداوه دەڵێت:

(خەجیجه جومعە مەولود شکاک) کە لەناو کوردا بە کیژەکەی کافرۆش ناسراوە، ساڵی ۱۹۳۴ لەو کاتەی کە تەمەنی لە کچێکی ۱۳ ساڵیدا بەولاوە زیاتر نەبوو لە رێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە لە نزیک تەکیەی شێخ عەبدولکەریم لە شاری هەولێر، لە لایەن ئەفسەرێکی باڵای سوپای ئینگلیز کە ئەوکاتە ئێراق لە ژێر فەرمانڕەوایەتی ئەوان دادەبێت، لە دوای چەند جارێک خوازبێنیکردن و وەرنەگرتنەوەی وەڵامێکی ئەرێنی لە لایەن باوکییەوە، لە رێگای گەڕانەوەی و جێهێشتنی دوکانی کافرۆشی باوکی بە چەند خولەکێک، دەڕفێنرێت. بە چەند مانگێکیش دوای رفاندنەکەی، باوکی خەجیج “کچی کافرۆش” پاش تۆمارکردنی داواکەی لەلایەن بنکەی پۆلیسی جولەکەکان لە گەڕەکی تەعجیل ئاگادار دەکرێتەوە کە کچەکەی لە وڵاتی بەریتانیایە.

شێرزاد محەمەد، برازاکەی خەجیج درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێ “باوکی خەجیج کە دەکاتە باپیرەی من، هەم سەرکردەیەکی سەربازی و هەم هەڤاڵ و دۆستی سمایل ئاغا “سمکۆی شکاک”بووە، لە دوای بە ناهەق کوشتنی سمایل ئاغا لە لایەن رژێمی شاهەنشایی ئێران لە ساڵی۱۹۳۰ بە نائومێدی باروبنەی تێکدەنێ و ساڵی ۱۹۳۴ گوندی “گەنگەچین” لە رۆژهەڵاتی کوردستان جێدێڵێت و خۆی و کچ و کوڕە جمکەکەی “خەجیج و محەمەد” لەگەڵ دوو کچی سمکۆی شکاک “سافیە و سورمێ” لە هەولێر دەگیرسێنەوە. کوڕە براکەی کچی کافرۆش دەڵێ، ئەو چی لە باوکی گوێ لێبووە ئەوەش بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە “باپیرم لە ساڵی ۱۹۳۴ بە پەناهەندەیی کەوتە ئێراق و لە شاری هەولێر گیرسایەوە، ئەو کاتە خەجیجی پوورم و براکەی کە باوکی منە هەردووکیان تەمەنیان دوانزە ساڵ بوو، چونکە جمکبوون و لە ساڵی۱۹۲۲ لە دایکببوون، جگە لەم دووانەش باپیرم هیچ منداڵێکی دیکەی نەبووە”. ئەو برازایەی خەجیج دەڵێ، داپیرەم کە دەکاتە دایکی کچی کافرۆش بە بنەچە رووسی بووە، باپیرم لە دوای ژیانی هاوسەرێتیان ناوەکەی کردبووە “مەنیج” کە وەکو باوکم دەیگێڕایەوە ژنێکی باڵابەرزی پرچ زەردی چاوشینی سوروسپی و جوان بووە، بەڵام باپیرم ئەوی بەو نیازە لە گەنگەچین جێهێشتبوو کە لە هەولێر جێگیربێت و پاشان بگەڕێتەوە و ئەویش بهێنێتەوە لای خۆی، بەڵام دوای دوو مانگ لە هاتنیان بۆ هەولێر لە ساڵی۱۹۳۴ باپیرم بە نیازی هێنانی ئەویش بۆ هەولێر سەر لە گوندەکەی دەداتەوە، بەڵام داپیرەم نائومێدببوو گەڕابۆوە رووسیا.

” شێرزاد دەگەڕێتەوە سەرباسی پوورەکەی و هۆکاری ناونانەکەی بە کچی کافرۆش زیاتر رووندەکاتەوە و دەڵێ، لەبەر ئەوەش بە کچی کافرۆش ناسرابوو “باپیرم کە هاتە هەولێر هیچ کارێکی نەدەزانی و کەسیشی نەدەناسی، بۆیە دوکانێکی لە نزیک سینەما حەمرا بە کرێ گرتوو کای دەفرۆشت، لەپاڵ کافرۆشییەکەی قەسپی حەشرەیشی دانابوو، بۆیە ئەو خۆشناوانەی لە گوندەکانی سەرەوە ترێ و میوەیان دەهێنایە ناوشاری هەولێر هەموویان کایان بۆ وڵاغەکانیان لە جومعە کافرۆشی باپیرم دەکڕی”. هەرئەمەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە خەجیجی کچی بەو ناوە بناسرێتەوە.

شێرزادی تەمەن پەنجا ساڵە کە تاقە یادگاری بنەماڵەی کچی کافرۆشە لە هەولێر، لەسەر قسەکانی بەردەوام دەبێ و لە باوکیەوە دەگێڕێتەوە و باسی ئەو رۆژە دەکات کە خەجیجی پووری دەڕفێنن “باپیرم خانووێکی لە حەساری ماڵی شێخ عەبدولکەریم لە نزیک گۆڕستانی شێخ ئۆمەر بەکرێ گرتبوو، بەیانییەک دوای نانخوادن، دوای ئەوەی باپیرم دەچێت بۆ دوکان، ئەوانیش هیچ خزم و کەسێکیان نەبوو لە هەولێر، وەکو زۆربەی رۆژەکانی دیکە پوورم بە باوکم دەڵێ “بابچینە دوکانی باوکم، دەچنە دوکانی باپیرم و ماوەیەک دادەنیشن و هەندێ قەسپ دەخۆن، پاشان پوورم دەڵێ، من دەچمەوە ماڵ و نانی نیوەڕۆ حازر دەکەم. باپیریشم دەڵێ تۆ بڕۆوە ماڵ و محەمەد با لە دوکان بێت من لەگەڵ خۆم دەیهێنمەوە.

شێرزاد دەڵێ: خەجیجە شکاکی پوورم لە ڕێگای گەڕانەوەی بۆ ماڵ، بەر لەوەی بگاتە تەکیەی شێخ عەبدولکەریم بە گوتەی ئەوانەی کە بینیبویان سەیارەیەکی پڕ لە چەکداری ئینگلیز پێشی لێدەگرن و بە پاڵ دەیهاوێنە ناو ئۆتۆمبێلەکە و دەیڕفێنن، یەکێ لەو کەسانەش کە رووداوەکە بە چاوی خۆی دەبینێ باپیرم دەناسێ و یەکڕاست دێتە دوکان و بە باپیرم دەڵێ ئینگلیز کچەکەیان رفاندی. پاش گەڕان و سوڕانێکی زۆر، تورکمانەکانی سەر قەڵات کە دەبینن جومعە کافرۆشی باپیرم بێکەسە لە هەولێر ئامۆژگاری دەکەن بچێتە بنکەی پۆلیسی جولەکەکان لە گەڕەکی تەعجیل و داوایەک لەسەر رفێنەرانی کچەکەی تۆماربکات، دوای سێ مانگ لە هات و چوون بنکە پۆلیسییەکەی تەعجیل باپیرم ئاگادار دەکەنەوە کە خەجیجی پوورم لە ئێراق نەماوە و بردوویانە بۆ بەریتانیا”. خەجیجی کچی کافرۆش لە تەمەنی ۱۳ساڵی دەڕفێنرێت و لە ساڵی ۱۹۳۶ دوای دووساڵ لە ڕفاندنی وێنەکەی بە ناوی کچی کافرۆش بە هەموو کوردستان بڵاودەکرێتەوە

رفاندنی کچی کافرۆش هەژەندێکی گەورەی لە کۆمەڵگەدا دروست کرد. رفاندنەکە باوکی بە تەواوی وێران و لاواز کرد، بۆ سۆراخی کچەکەی زۆر هەوڵیدا، بەڵام بێ ئەنجام بوو. چەند مانگێک دواتر، باوکی کچی کافرۆش، ئاگادار دەکرێتەوە کە کچەکەی بردراوە بۆ بەریتانیا، بەوەش جومعە بەتەواوی بێ ئومێد دەبێت لە دۆزینەوەی کچەکەی. دوای پێنج ساڵ نائومێدی، لە ئازاری دووری کچەکەی بەرگەناگرێت و دڵی لە لێدان دەکەوێت.

چیرۆکی کچی کافرۆش بە یەکێک لە تراژیدیترین چرۆکی کوردی دادەنرێت کە لە رەگێکی دوورودرێژی هەیە لە کەلتووری کوردیدا. چیرۆکەکە تائێستا هۆزانڤان، چیرۆکخوان و چیرۆکنوسان لە بەشێوەی جیاواز نەوە دوای نەوە لە گێڕانەوەی بەردەوامن.

چیرۆکەکە پیشاندەری بەیەکگەیشتی چەوساندنەوەیە لەسەر بنەمای رەگەز، هێز و کۆڵۆنیاڵیزم دژی کورد. کچێکی منداڵی تەمەن ۱۳ ساڵان، هەراسان و رفێندراوە لەلایەن  داگیرکەرەوە. رفاندنی کچەی کافرۆش، تەنها تراژیدییایەکی کەسی نییە، بەڵکو رەنگدانەوەی بەرەنگارییەکی فراوانە لەلایەن ژنانی کوردەوە.

چیرۆکی خەجیج جومعە رەنگدانەوەی ئەزموونی ژمارەیەکی بێشوماری ژنانی کوردە کە خەباتیان کردووە و جەنگاون لەپێناو پاراستنی کەرامەت و ناسنامەیان دژەی داگیرکەرانی کوردستان.

 

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا