اسلایدفرهنگییادداشت

رنینی کتێوی حەوتەوانە

پێش لە هەر باس و بابەتێک پێویستە رێزی خۆم بنوێنم بۆ دکتۆر سەلاحەدین خەدیو بۆ ئەو دیاریەجوانه و کاک فایەقی دارتاش لە چاپەمەنیی کتێبی گزینگەوە بۆ هەناردەکردن بێبەرانبەری ئەم کتێبە بەنرخه، سوپاسی هەردووکیان دەکەم و دەسخۆشی لە کاک سەلاحەدین دەکەم بۆ ئەم ماندووبوونە وا توانیویه لە سەردەمی لار و لەوێریدا کتێبێکی راست و دروست بخاتە بەر چاوی خوێنەران.

ئەم کتێبە زۆر بە نرخه و پێشنیار ئەکەم هەر کەسێک وا ئەیهەوێت بارودۆخی هاوچەرخی کوردستان و بەتایبەت کوردستانی ئێران باشتر تێ بگات، ئەم کتێبە بخوێنەتەوە و زۆر پێویسته که هەر کەسێک و لانیکەم بۆ خۆی بیر لە بابەتەکانی بکاتەوە و لێی ورد ببێتەوە.

ئەم رەخنەی منە و هیچ رەخنەیەکی تر تەنانەت ئەگەر توند و تیژیش بێت، نابێت ببێته هۆی دڵگرانی هیچ نووسەرێک، بۆیە ناوی ئەم رەخنەمە ناوەتە ڕنین یان ڕانان که تا ئەو رادەی بۆمان دەلوێ تەرکیزی لە سەر بکەین و گرنگی پێ بدەین.

سەبارەت بە کاک سەلاحەدین من یەک رخنەم لە نووسینەکانیدا هەیە و ئەوەش پاراستنی وشەی فارسیه، ئەوەندەی ئەم بەڕێزه بۆ پاراستن و خزمەتکردن بە زمانی فارسی هەوڵ دەدات کە خۆدی فارسەکان ئەوەندە پێیان گرنگ نییە. جاروبار وشەی سەیروسەمەرەی فارسی لە خۆیەوە دەتاشێت یان لە سووچ و قوژبنەکانی زمانی فارسی وا هیچ گیانلەبەرێک رووی تێ نەکردووە، وشەیەکی نامۆ و نەناسراو دەدۆزێتەوە و ئەیورووژێنێتەوە و ئەیخاتە نێو دەقەکەیەو و بە ئەم شێوە خزمەتی زۆر گرنگ و هەتاهەتائی بە زمانی فارسی دەکات یان ئەو وشەکۆنانە که ساڵەهای ساڵه ئیدی باو نییە زیندووی دەکاتەوە و بە کاری دەبات و کۆرپسی زمانی فارسی دەوڵەمەند دەکات.

لە وەڵامی ئەم پرسەدا زۆربەی نووسەرانی کورد ئەم وەڵامە ئەدەنەوە کە ئێمە پێمان وایه دەبێ دەقەکەمان تەواو بێت. ئەگەر بە فارسی دەنووسین، بە فارسیەکی تەواو بنووسین که نموونەی نەبێت و فارسەکان پێی سەرسام بن. پێمان خۆشە که ئەگەر کەسێکی فارس، دەقەکی منی خوێندەوە، پێ سەیر بێت که چۆن ئەبێ کوردێک ئاوا لە زمانی فارسی شارەزا بێت کە لە زۆرینە هۆگران و خزمەتکارانی زمانی فارسیش باشتر بزانێت. یەک دۆستی زۆر خۆشەویستی تریشمان هەیە دوکتۆر هەژار کە جاروبار بە فارسی شێعر ئەڵێت و ئەویش لە وەڵامێکدا که کەسێکی دی لێی پرسیبوو، وتبووی من پێم خۆشە که بزانن من لە شێعری فارسیشدا توانام و ئەوە نییە تەنیا لە شێعری کوردیدا بەهێز بم. رەنگە ئەگەر ئەم خۆسەلماندنه بە بەردەنگێکی تایبەت بباتای، ئەگەر بۆ ناوەندێکی زانستی بباتای کێشە نەبوو، ئەگەر بە زمانێکی زۆرگرینگ وەکوو ئینگلیسی بباتای یان تەنانەت لە نزمترین ئاستی خۆیدا ئەگەر بە ئارەزووی دەسخستنی خەڵات و پارە بباتای دیسانەوە کێشە نەبوو. بەڵام پۆستێکی ئینستاگرامی کە زۆربەی بەردەنگانیشی سۆرانین، ئەم هەوڵ و ماندووبوونەی بۆ چییە؟

لە زمانی ئینگلیسیدا و بەتایبەت لە بواری کتێبی زانستیدا، دوای بڵاوبوونەوەی کتێبێکی بەرچاو، چالاکانی ئەو بواره، دەکەونە پێداهاتنەوە یان ریڤیوو. بووک ریڤیووش دەبێتە هۆی چاکسازی و نوێسازی و ئیدیشنی نوێ لە ئەو کتێبە. زانایان و چالاکان و بیرمەندان، رەخنەی لێ دەگرن و هەڵەکانی ساق دەکەنەوە و هەنووکه لە گۆڤارەپسپۆڕانەئیەکاندا، لە بووک-ریڤیووەوە تیپەڕیون و لە هەنگاوەنوێیەکاندا گەئیشتوون بە ئارتیکڵ-ریڤیوو. واتا هیچ نووسەرێک، نەک بۆ کتێب بەڵکوو بۆ مەقالەیەکی زانستیش لە ئەمانی رەخنەگراندا نییە و ئەوەی بکەوێتە بەرچاو، بەدڵنیائیەوە، ئەڕنگێتەوە. زۆر جار ڕنینەکان لە خودی بابەتەکە بەناوبانگتر دەبن، چۆن ریڤیووەکان زۆرتر کار لە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە دەکەن. لە حەتەوانەدا بناغەیەکی زۆر باش دانراوە کە بە چاوی زانستیەوە بابەتەکان شی بکرێنەوە و ئەمە جێگەی دەسخۆشی هەیە. دیاره نووسەر وەکوو زۆرینەی کورد بە بیرێکی چەپەوە هاتووەتە دونیای سیاسەت، هزری چەپ لە ئێراندا زۆر قەرزداری کورده، تەنانەت بۆ ئێستاش تاکەحیزبی بەناوبانگی چەپ لە ئێراندا، رێکخراوەکوردیەکانن و ئەمە خاڵێک بوو کە رەنگە بە چەند هۆکاری دیار و نادیار، نووسەر نەپەرژاوەتە سەری.

روانگەی سەردەست و بندەست، یان هەمان دۆخی کۆلۆنیالیستیی قەراخ-ناوەند لە شرۆڤەکاندا نابینرێت. ئەگەر روانگەی بندەستی لە دۆخی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەراستدا بسڕینەوە، خوێندنەوەکانمان بە لاڕێدا دەڕوات.

ئەگەر چی نووسەر پێی وایه که دەبێ خەڵکی کورد، بەرپرسایەتی وە ئەستۆ بگرن و هەموو کێشەیەک نەخەنە ئەستۆی دوژمن بەڵام بەڕاستی گەورەترین کێشەی کورد، دوژمنەکانیەتی کە ئەم دوژمنانە لە سەر هەر شتێک پێکەوە نەسازن لە سەر دژایەتیکردنی کورد، پێکەوە دەسازن. لە گەورەترین شەڕی مان و نەماندا بن، دەسەڵاتیان لە ئەوپەڕی بێدەسەڵاتی و ناهمێدیدا بێت، تا پرسی کورد دێتە پێشەوە، شەڕ و ئاژاوەیان بۆ کاتێکی کورتیش بووبێت وەلا دەنن و پێکرا هێرش ئەکەنە سەر کورد. نموونەکانیشی لە مێژوودا زۆرن کەواتە خیرالامور اوسطها. نەک وای بۆ بچین هەموو کێشەکان لە خۆماندا ببینین نەک هەمووی بخەینە ئەستۆی دوژمن و خۆمان هیچ.

لە ئەم کتێبەدا جگە لە چەند خاڵی جێگەی باس که بیروڕای خۆدی نووسەر بووبێت ئەوانیتر رووداوە مێژووئی و سیاسیەکانی سەردەمانی پێشوو بوو که جێگای رانانی نییه و بەس دەکرێ لە سەر بیرورای تاکەکەسیی نووسەر رەخنە بگیردرێت.

لە پاری یەکەم و باسی یەکەمین وشەی تایبەت لە کتێبەکەدا باسی سکۆلاریزمی خەڵکی کورد دەکرێ و نووسەر ئەو دۆخە ئەباتەوە سەر رێکخراوەکانی چەپ و مەیلەوچەپ کە بە رای من ئەوە، هۆکاری سەرەکی نییە. لە ئەزموونێکی ژیانی خۆمدا بینیومه که خەڵکی سوننەی ئێران وەکوو ترکەمەن و بەلووچ زۆر دەرمارگرژن یان ئەگەر دەمارگرژ نەبن، سوننەبوونی خۆیان زۆر پێ گرنگە. ئێمەی سۆرانی زمان کە چی زۆربەمان سەر بە ئائینزای شافیعین و زۆریش خۆمان بە موسوڵمان ئەزانین بەڵام قەد وەکوو ئەوان وشکەسۆفی نەبووین و نابین، رەنگه ئەو هاسانکاریه وا لە شافێعیدا هەیە لە ئاستی ئائینزاکانی تری سوننە وەکوو حەنەفی لە ترکەمەنەکاندا تا رادەیەک لە سەر ئێمە کاریگەر بووبێت، بەڵام رەوڵی سەرەکی لێرەدا ئەدرێت بە شوناس و بە ئەوەی کە خەڵکی سۆرانی زمانی ناوچەی پارێزگای سنە و پارێزگای بەفەرمینەهاتووی موکریان، پێناس و شوناسی خۆیان لە کوردبوونی خۆیاندا دەبینن نەک لە سوننەبوونی خۆیان کە سەیری ئەو بەلووچانە دەکەین کە هەبوونی خۆیان بە نەتەوەی خۆیان پێناسە ئەکەن، ئەوانیش ئیدی دەمارگرژ نین و روانگەیەکی سکۆلاریان بۆ رەوڵی دین لە سیاسەتدا هەیە. جیاوازیی سەرەکی ئەوەیە که بۆ وێنە لە سنەدا (جگە لە تونهاژۆەکان)، زۆرینەی خەڵک خۆیان بە کوردبوونیان ئەناسن و ئەناسێنن، نەک بە سوننەبوونیان. هەروا ئەگەر سەیری فارسەکانی تاران بکەین، پێناسەی خۆیان لە ئائینزای شێعەدا دەبیننەوە و بۆیە هەرساڵ ئاهەنگ و کۆبوونەوەکانیان بە وردکاری و شیکاریەکی بەرفراوانتر و بەرینترەوە بەڕێوە دەچێت بۆ وێنە بۆ ئێمە سەیره که دەیەفاتمیه که پێشتر نەبوو، ئێستا چۆن ساز دەبێت؟ بەڵام بۆ ئەوان بە تەواوی ئاسائیه و تەنانەت رەنگە بۆ یەک ساڵ تازە بمێنێتەوە و بۆ ساڵی داهاتوو پێیان کەم بێت و بە دوای شتێکی نوێ بگەڕن که بیکەن بە خوێن و بینێرن بە دەمارەکانی پێناسەی خۆیاندا و دیسانەوە ئەمەش شتێکی ئاسائیه و ئێمەش هەرواین. هەر سال جەژنێکی نوێ، جووڵەیەکی نوێ، کۆنفرانس و سمینار و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی نوێ ساز دەکەین و ناکرێ ئەم جیاوازیانە هەمووی ببێتە باریقەڵای رێکخراوەکانی چەپ. چۆن دیسانەوە هەمان پەرەپێدان کە لە تاران و یەزد و کرمان و سمنان و ساوە و قوم و کاشاندا هەیە (وەکوو پێشرەوانی شێعایەتی) لە کرماشان و ئیلامدا نییە. چۆن لێنەدا و بەتایبەت لە ئەم دواخرانەدا، تێهەڵچوونەوەیەک لە نێوان نەتەوە و دیندا دەبینرێت کە رەوڵی دین لە جێی خۆی دەوەستێنێت و ناهێڵێت لە ئەمە زیاتر گەشە بکات.

لە بابەتیکی تردا باسی ئەوە دەکرێت کە کۆلۆنیالیسم پەیوەندی بە کوردستانەوە نییە و لە شوێنێکی ترەوە هەڵکەندراوە و چەسپێندراوە بە دۆخی ئێستای ئێمەوە. رەنگە ئەگەر باسی ئەم وشە تەنیا لە خودی وشە و لە روواڵەتدا بمێنێتەوە، دروست بنوێنێت کە بڵێین وێژمانی ناوەند-قەراخ / کۆلۆنیالیست-کۆلۆنی، باسێکی تازەیە. بەڵام لە ناوەڕۆکدا قەد وا نییە. بەتایبەت لە دوای دەسەڵاتی ئەردەڵانەکانەوە، پەهلەوی دەستی کرد بە تاڵانکردنی قەراخی ئێران و ئاوەدانکردنەوەی ناوەند و ئەمە جگە لە ئیستیعمار و ئیستیسمار هیچ ناوێکی تر نییە. تەنیا بە دوای شۆڕشی ۵۷ هەوڵدرا که قەراخەکانی ئێرانیش ئاوەدان ببێتەوە. لە سەردەمی پەهلەویدا هیچ گوندێکی کوردستان، گازی نەبوو، کارەبا و ئاوی لوولەکەشی لە رادەی دوو یان سێ دەرسەددا بوو، رێگەوبان هەموو دێهاتەکان خاکی بوو، تەنانەت زۆربەی شارەکانی کوردەواریش ریگاکەیان خاکی بوو و … لە دوای ۵۷دایە کە کوردەواری تا رادەیەک گەشە دەکات کە ئێستا لە ئەو ئاستەداین کە وادیاره هەموو گوندەکان کارەبایان هەیە، ئاوی لوولەکەشییان هەیە، پتر لە نەوەت لە سەتی گوندەکان گازیان هەیە و …

لە سووچێکی تری باسەکەدا ئاماژە بە ئەوە دەکرێت کە ئێمە لە مێژوو و وێژەی کوردیدا، ئەویدیسازیمان نەبووە کە لە رووانگەی منەوە هەڵەیە و دیسانەوە ئەگەر بە شێوەیەکی روواڵەتین چاوی لێ بکەین، دروستە بەڵام لە ناوەڕۆکدا دەبینین که رێک بەپێچەوانەوە، کوردەواری یەکێک لە بەسراوترین کۆمەڵگاکان و نەتەوەکانی ناو ئێرانه، بەسراوی و داخراویش بەس یەک مانای هەیە و ئەویش ئەویدیسازیە، رەنگە چۆن ئەم ئەویدیسازیەی ئێمە نەگەئیشتووە بە ئاستێکی دیار کە رووداوێکی مێژووئی بخولقێنێت، کەسێک پێی وا بێت که ئێمە ئەویدیسازیمان نەبووە چۆن تا ئێستا هەڵماننەکوتاوەتە سەر گەلانی تردا. رەنگە بە چەمکی نوێی ناسیۆنالیستی ئێمە ئەویدیسازیمان نەکردبێت بەڵام لە هەمووکاتدا شێت و شەیدای نیشتمانمان بووئین و هەین و ئەمە شتێکی نۆرماڵه و هەموو نەتەوەکان ئەم کارە ئەکەن.

لە باسێکی تردا ئەڵێت کە دەستەوشەی عەجەم لە سەردەمی سەفەویدا یان لە لایان تورکەعوسمانیەکانەوە لە دایک بووە. بەڵام لە راستیدا ئەمە لە سەرەتاوە لە لایان عەرەبەوە بە فارس گوتراوە و دواجار خودی فارسەکانیش ئەوەیان وەکوو پێناسە بۆ خۆیان قبووڵ کردووە بۆ وێنە بەسامی کورد لە چەرخی سێهەمدا، فارس بە عەجەم ناو ئەبات و ئەڵێ:

مکه حرم کرد عرب را خدای

عهد تو را کرد حرم در عجم.

لە شوێنێکی تردا و لە مەدحی یەعقووبی لەیسی سەفاریدا بە عەجەم ئەیناسێنێت. عۆنسۆری لە چەرخی چووارەمدا دەڵێت:

نوروز بزرگ آمد آرایش عالم

میراث بنزدیک ملوک عجم از جم.

هەروەها لە مەدحی سوڵتان مەحموودی غەزنەویدا ئەڵێت عەجەم، نە عۆنسۆری و نە سوڵتان مەحموو هیچکامەیان نازناوی عەجەمیان پێ عەیب نییە و تەنانەت بە شانازیەوە شاعێرێک لە بارەگای سوڵتانێکدا بە باڵای سوڵتانەکەدا ئەیڵێت و ئەیلاوێنێت. فردەوسی کە ئەڵێن زمانی فارسی زیندووکردەوەتەوە و هێمای ژیانەوەی فارسەکانه، خۆی بە خۆی و نەتەوەکەی و پاشاکانی ئێستا و رابردوو و بە هەمووی ئەڵێت عەجەم. بۆ وێنە بە نەتەوەکەی خۆی ئەڵێت عەجەم:

سپه را بە بستور فرخنده داد

عجم را چنین بود آیین و داد.

بە پاشاکانی پێشوو ئەڵێت عەجەم:

کجا شد فریدون و ضحاک و جم

مهان عرب، خسروان عجم.

بە یەزدگردی سێهەم و دۆخی نالەباری ئێران ئەڵێت: همش رای و هم دانش و هم نسب *** چراغ عجم آفتاب عرب. نەک ئەمانە، بەڵکوو دەیان و سەدانی تر لە هەموو قوماشێک وەکوو شاعیر و فەیلەسووف و زانا و مامۆستای تر وەکوو بەیهەقی، خواجە عەودەڵای ئەنساری، خەیام، سەنائی، عۆنسۆرۆلمەعالی، غەزاڵی، فەڕۆخی سیستانی، قەتران تەورێزی، مەسعوودی سەعدی سەلمان، مەنووچهری و ناسرخەسرەو و و … کە هەموویان لە کەسانی بەناوبانگ و ناسراوی فارس بە هەژمار دێن بە خۆیان و نەتەوەکەیان وتووە عەجەم. تەنانەت تۆ بگره لە عەجەمانی هاوچەرخ وەکوو میرزادەی عشقی، مەلەکۆلشۆعەرای بەهار، ئیرەج میرزا، ئیقباڵ لاهووری، ئەدیبۆلمەمالک، شەهریار، عارف قەزوینی، فەڕۆخی یەزدی و … هەموویان باسی عەجەم دەکەن کە ئەوە لە کاتێکدایه کە لە سەرەتاکانی ناسیۆناڵیزمی فارسیدا بووە و  تەنانەت هەندێکیان لە شۆنکەوتووان و پێشڕەوانی ئەو بیرۆکەیەن. تەنانەت ئێستاش لە تاران کابرا ناو دووکان و کۆگای خۆی ئەنێت عەجەم و ئەگەر ئەمە شتێکی ساختەکراو و چەسپێندراو بباتای لە چەرخێ سێهەمەوە دەستی پێ نەدەکرد و تا چەرخی چەهاردەهەم دریژە پەیدا بکات.

لە لاپەڕەی ۱۵۳دا، نووسەر بە دڵسۆزی باسی کێشە و ئارێشەی رێگای کوردایەتی دەکات بەڵام دەڵێت که ناسیۆنالیزمی کورد لەگەڵ بەهاجیهانیەکان وەکوو مافی مرۆف، دیمۆکراسی، کۆمەڵگای مەدەنی، ئازادی و پلۆرالیسمدا کێشەی هەیە و وەکوو جاران تامەزرۆی ئەندێشەی کۆمەڵرەوا نییە. نووسەر پێی وایە که پێشتر لە ژێر کاریگەری رێکخراوەکانی چەپدا، کۆمەڵگای کوردی تامەزرۆی بیرۆکەی کۆمەڵخواز بووە بەڵام بەگەشەکردنی بیرۆکەی ناسیۆنالیستیی تایبەتخواز، دژوازیەکان دێنە ئاراوە. رەنگە ئەو ناسیۆنالیسمه که لە لای رووسیای پووتین و ئیسرائیلی نەتانیاهوو و ترکیای ئەردۆغاندایە لە سەر هێڵێک دیاری بکەین، ناسیۆنالیسمی ئەوان لەگەڵ ئەوەی ئێمە ۱۸۰ دەرجە جیاوازی ببێت. رەنگە ئەوان پەل بوەشێنن بۆ داگیرکردنی خاکی وڵاتانی تر. بەڵام ئێمەی کورد لانیکەم تا ئێستا هیچکات لە مێژووماندا وا نەبووین و لە مانیفست و پلانی هیچ رێکخراوە و کەسایەتیکماندا نەبووە و هیچ کوردێک باسی ئەوەیە نەکردووە و شتی وا نەبووه که دەسدرێژی بکەینە سەر گەلانی تر و ئەم هەڵسەنگاندنەوە زۆر لای منەوە سەیره. ئەم نموونە لە کوێنەڕا بینراوە؟ و بۆ چی ناسیۆنالیسمی کورد خراوەتە پاڵ ناسیۆنالیسمی نتانیاهوو و ئەردۆغان؟

لە دواخرەکانی وەرزی شەشدا دەڵێت که بیرۆکەی کۆمەڵرەوا باش نییه و بەرەو سووسیالیزم دەمانبات کە بیردۆزێکی دۆڕاوە. لە ناخی باسەکە داوا دەردەکەوێت کە نووسەر هۆگری لیبرالیزم بێت و هەندێک بە شان و باڵی تاکرەوائیدا دێتەوە. بەڵام دواجار لە وەرزی حەفتدا و لە وەرچەرخانێکدا کە رەنگە ئەم بەشە دواجار و بە هەندێک مەوداوە نووسرابێت. لە لاپەڕەی ۱۶۶دا ئاوات ئەخوازێ کە ئێمەی کورد بۆ چە لێڤیاتانمان نییە کە رێکمان بخات و هەموومان بچینە ژێر چەتری ئەو و ئەم کەسە وەکوو رزگارکەرێک بێت و رزگارمان بکات. کە ئەم دوو بیرۆکە دژ بە یەکن. لیبرالیزم وەکوو بیرۆکەیەک تاکخواز و تەنانەت دژ بە کۆمەڵخوازی، هیچکات بە تەمای رزگارکەر نییە. سۆسیالیزمیش لە لقی کۆمۆنیستیدا کە جیاوازی زۆری لەگەڵ مارکسیسیتدا هەیه و تەنانەت لە هەندێک باسدا وەکوو دەسەڵاتی دەوڵەت، ماڵ و سامانی گشتی، رەوڵی سەرمایە و … ۱۸۰ دەرەجە جیاوازن، هیچکات بە تەمای کەسێکی تایبەت نەبووە و نییە و هەموو کات بە دوای رێکخستنی هێزی راستەقینەیە کە پێی لە سەر عەرزی واقعدایە.  بەس مارکسیست ئەتوانین بە کۆمەڵخواز ببینین. لە درێژەشدا و لە لاپەڕەی ۱۷۸دا، قازانجی بەکۆمەڵ وەکوو شتێکی باش پێناسە دەکات کە ئەمەش لەگەڵ لیبرالیزمدا رێک ناکەوێت. لیبرالیزم بە دوای قازانجی تاکەکەسیدایە و تەنانەت بە دژی یەکەمایەتیدانن و بڕەودانن بە قازانجی بەکۆمەڵدایه.

لە لاپەڕەی ۱۸۲دا که باسی باشوور دەکات دەڵێت کە گەلەدوڕگەبوون باش نییە و باشتر وایه کە دەسەڵاتێکی یەکدەست و توکمە و تەواو، دیکتاتۆریەت بکات بەڵام خەڵکەکە و وڵاتەکە لە ئاسایشتدا ببن. ئەم بیرۆکەیە دەگەڕێتەوە سەر ئیلیستیسم یان پسپۆڕ-تەوەری، واتا کەسێک بدۆزینەوە کە هەلومەرجێکی تایبەتی ببێت کە دەسەڵات بدەین بە دەستی ئەو تا چاکسازیمان بۆ بکات و خۆمان هیچ لە ئەستۆ نەگرین. تا رادەیەک وەکوو بیرۆکەی پاوشاخوازیی ئێرانی دەردەکەوێت. لە حاڵێکدا، نووسەر دەیان جار لە کتێبەکەدا خوێنەر هان دەدات بۆ وەئەستۆگرتنی بەرپرسایەتی و ئەوەی کە بە تەمار کەس نەبین و هێزی راستەقینە لە خۆماندایە. ئەم بەشە لەگەڵ بەشەکانی تری کتێبە رێک ناکەوێت. تەنانەت لەگەڵ لیبرالیزمیشدا ناکۆکی هەیە. هیچ رێگایەکی کورت بە گەئیشتن بە دیمۆکراسی نییە، دیمۆکراسی بە راهێنان و بە تێپەڕاندنی کات دروس دەبێت و رێک لە ناخی کۆمەڵگاوە بە دی دێت، هیچ دیمۆکراسیەکی پایەدار و هەرمان نەبینراوە کە بە زۆر و دیکتاتۆریەت دروس بووبێت یان چەسپێندرابێت و دواجار بە دەردی پەیوەندی ئەندامی نەگونجاو نەچووبێت، تەست نەدراوێتەوە.

لە بەشێکی تری باسەکەدا ئاماژە بە ئەوە دەکات کە میراتی ئاتاتورک بۆ ترکیا دیمۆکراسی بووە و لانیکەم چەند ناوەندی دیمۆکراتیکی هەیە. رەنگە ئاتاتورک بۆ بنبڕکردنی دەسەڵاتی هاوتەریبی دینی و یەکچاوەکردنی دەسەڵاتی ترکیا بۆ خۆی، بە دووی سکۆلاریزمدا بووبێت بەڵام بەدڵنیائیەوە خوێنرێژێکی وەکوو ئاتاتورک هیچ کات لە سێودووی دیمۆکراسیدا نەبووە، تەنانەت بۆ خودی ترکەکانیش ئەوەی نەویستووە تا بە نەتەوەکانی تر بگات. بەدڵنیائیەوە کە هیچکات لە ترکیادا دیمۆکراسیەکی سەقامگیرمان نەبووە، هیچ راهێنانێکی بۆ نەکراوە، هیچ مافێک بە هیچ نەتەوەیەکی تر نەدراوە. رەنگە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتی و کورت، دیمۆکراسیەکیش بووبێت بۆ هەمان شارۆمەندانی پلەی یەکەم واتا ترکەکان بووبێت نە بۆ دەیان نەتەوەی جیاواز وەکوو کورد، ئەرمەنی، گورجی، قەفقازی و … کە هەمووی لە ئەوپەڕی چەرمەسەری و بێبەشی و زەلالەتدا دەژیان و دەژین.

لە لاپەڕەی ۱۸۶دا باسی ئەوە دەکات کە ئەویدی سازی بووتە هۆی ڕاماڵینی بەرپرسی لە نێوان کورددا، بەم شێوە کە ئێمە دوژمنسازی دەکەین و کێشەکان بە تەواوی دەخەینە پاڵی دوژمن و هیچ ئەرکێک بە سەر شانی خۆمانەوە ناهێڵینەوە و بە ئەم هۆیەوە ئەویدسازی کارێکی هەڵەیە. پێشتر نووسەر پێی وایه کە لە کورددا ئەویدیسازی نییە بەڵام لێرەدا دانی پێدا دەنێت کە هەیە و رەنگە مەبەستی ئەوە بێت کە ئەگەریش هەیە تازەیە و کۆن نییە. بە هەر لەونێک بووبێت وای بۆ بچین که فەرزی باسەکە دروس بێت، ئایا ئەو حوکمه ئاکامی ئەم فەرزەیە؟ ئایا بەدەسخستی ئەم حوکمە لە ئەو فەرزە هەڵە نییە؟ ئایا ئەویدیسازی کارێکی هەڵەیە؟ ئایا نەتەوەیەکمان بینیوە لە درێژەی مێژوودا وا ئەویدیسازی نەکات یان رەتی بکاتەوە؟. رەنگە هەندێک کورد لە هەندێک کاتدا بە هۆی ئەوەی کە ئێمە، تاڵترین رووداوەکانی مێژوو وەکوو ئەنفال و کیمیاباران و دەیان کۆمڵکوژیی ترمان لە سەر کراوە، هیوایان بزر بووبێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم شتە بەگشتی بباتای و لە هەموو کاتدا بباتای ئێستا کوردێک لە سەر عەرزدا نەبوو. کاتێک مێژووی کورد دەخوێنتەوە و ئەو هەموو چەرمەسەری کە بە سەریدا ئێمەدا هاتووە رەنگە بە دوای هۆکارێکی ئاسمانیدا بگەڕین، رەنگە بە دوای هۆکارێکی دەرەکیدا بگەڕین. بەڵام بەدڵنیائیەوە رێچارەی کارەکە لە ناخی خۆماندایە و ئەویدسازی نە تەنیا هەڵە نییە بەڵکوو شتێکی باوە لە لای هەموو نەتەوەیەک و جگە لە باسی سروشتی بوون، ئەویدسازی، ئەرکەکان روون دەکاتەوە. بۆ وێنە لە رووداوێکی مێژووئی وەکوو هێرشی ترکیا بۆ سەر کۆبانی و دواجار عەفرین. بێ ئەوەی کە ئێمە بمانەوەێت پێشتر ئەویدسازی کراوین. هیچ کامە لە ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئێمە و تەنانەت هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوو نەبینراوە کە بە بێ ئەویدسازی سەر کەوێت. ئەویدسازی ئەرکی منی کورد روون دەکاتەوە کە دەبێ خۆم بۆ بۆ خۆم بجووڵمەوە و هەوڵ بدەم و بە تەمای کەس نەبم. دواجار ئەگەر کارێک ئەکەم بۆ خۆم بێت. هەر کات خۆم لە برساندا نەمرم و خەڵکی شارکەم لە کۆڵبەریدا نەمرد دواجار وەکوو هەندێک خەڵکی بانە، بچم هەزاران دۆلار کۆ بکەمەوە بۆ کەسانی تر لە وڵاتانی تردا.

بۆ دواجار دیسانەوە پێشنیاری خوێندنی ئەم پەڕتووکەجوانە بە هەموو کوردێک دەکەم و هیوادارم پێنووسی نووسەر بەردەوام بێت.

دوکتۆر سارمەدین ئیفتخاری

 

 

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا