اسلایدفرهنگییادداشت

قەڵەم دەبێ چەکی دەستی هەژاران بێت

کابرایێکی سەرزلی مل‌باریک ڕێک بە وێنەی تەشی، بە خۆبادان هاتە پێشەوە. ئەگەرچی بەتەمەن بوو بەڵام بەو جلە سوور و زەردەی، لاوتر دەهاتە بەرچاو. وتیان ئەمە خاوەنی چەندین ناوەندی هەواڵنێری نێودەوڵەتییە و چەند کاناڵی تەلەفزیۆنیشی لە دنیادا هەیە کە گەیشتە بەردەم جەنابی شاعیر، چەند فەرمایشتێکی کرد کە تەنیا خوا دەزانێ چی فەرموو. پاکەتێکی سپی پێشکەشی شاعیر کرد. شاعیر کە دیار بوو خاوەنی ئەزموونێکی زۆرە لەم بوارەدا، کڕنۆشێکی برد و دەستی ئاغای ماچ کرد.

تیشکی کامێراکان و دەنگی چەپڵەی بەشداربووان لە کۆڕی ڕێزنان لە شاعیر، تەواوی شوێنەکەی داگرت. شاعیر بزەیێکی لە سەر لێویان بوو کە لە هەموو وێنەکاندا دووپات دەبوونەوە. ئەو وێنانە بۆ تۆمارکردنی ڕاستییەکان بوون. شایەتیش بۆ شاردنەوەیان. چەند کەسێک سەبارەت بە هەوڵ و تێکۆشانی شاعیر، بە درێژایی تەمەنی، وتاریان دا. کە هاتە دەرێش پرسیاری ڕۆژنامەوانان دوایی نەدەهات. جا وێنەی ئاشی هەجیجی هەموو جۆرێکی تێدا بوو. یەکێک داوای لێکرد بەرنامەی “ژیان و دەرد” لە تەلەفزیۆن بەڕێوە بەرێ. یەکێک داوای لێکرد لە سەر پارەی حیزبەکەیان کتێبەکانی لە چاپ بدرێنەوە… چەند کچێک، وێنەی نەمامی بێگرێ، دەورەیان دابوو کە بۆ یادگار پشتی کتێبێکیان بۆ واژۆ بکات.

بە هیچ ئامان و زامانێک دەستیان لێ بەرنەدەدا. ئاخر ئەم لە ناوداری و دەوڵەمەندی و شانازی، باری خۆی خستبووە بارخانە. ئەو شەوە وێنەی شاعیر لە تەلەفزیون نیشان دەدرا کە ئەمە دەنگی ژیانی ئێوەیە. شەودرەنگان گەیشتە بەر دەرکەی هوتێل. هوتێلێکی شاهانە کە هەر خوا دەزانێ چەندە مرۆڤی ناوداری بە خۆیەوە دیوە. لەبەر دەرکەی دیوەکەی یەکێک سەلامی لێ کرد. کابرا نە لە ڕۆژنامەوان دەچوو نە لە لایەنگرانی قەڵەمی، بەڵام ڕوخسارێکی ئاشنای هەبوو. ئەویش پاکەتێکی سپی پێ بوو، ڕێک وێنەی پاکەتەکەی شاعیر کە بە خەڵات پێیان دابوو. پێکەوە چوونە ژوورەوە. شاعیر پرسیاری کرد: ئەم پاکەتە چییە؟

وتی: مەگەر تۆ شاعیری دەرد و زامەکان نیت؟ وتی بەڵێ. وتی: ئەمە نرخی تەواوی ڕەنجەکانە کە لە ئێمەت بە قەرز وەرگرتووە، دەبێ بیبژێری.

وتی: قەرزی چی؟ وتی: هیچ شتێک لە دنیادا خۆڕایی نییە. ئەو خۆشییە کە تۆ تێیدای لە دەردی خەڵکە. تۆ باسی دەردی کۆمەڵگات نەکرد کە دەرمان بکرێن. لە دەردەکان نووسیت تا بتبینن. لە گریانت نووسی تا چەپڵەت بۆ لێبدەن. شاعیر وتی جا مەگەر ناکرێ تێرێک سەبارەت بە برسییەکان بنووسێ؟ وتی: بۆچی نا. بەڵام بەو مەرجەی کە تینوو بیت. تینووی عەداڵەت، نە ماندووی قازانج.

شاعیر وتی: من ئەگەر نەنووسم خاوەن دەستەڵاتێ چۆن بزانێ باری کۆمەڵگا نائاسییە؟ وتی: ئەوان خۆیان  شەیتانیان فاڵ داوە و بە دوای منداڵەکانیدا دەگەڕێن. هەزارانی وەکوو تۆیان هەیە. قەڵەم دەبێ چەکی دەستی هەژاران بێت، دەستەڵاتدار چەکی دیکەی زۆرە.

وتی: من حەزم کرد بەو نووسینانە  هەستی هاوخەمی خۆم دەرببڕم. کابرا وتی: هونەر تەنیا بۆ نیشاندانی ئازارەکان نییە، بەخشێنەری ژیانیشە. بۆ ئەو کارە دەبێ لەگەڵ دەردی خەڵکدا ژیابیت. ئێوە وێنەی بزنی بن گەلەخان نە لاقتان دەشکێ و نە گورگ دەتانخوات. لە هەموو دەردێک بەدوورن. کابرا لێیدا و ڕۆیی بەڵام ئەم قسەیەی هەر لە گوێ شاعیردا دەزرینگایەوە: ” دەبێ بڵێسەی ئاور بدا لێت ئێشی سووتیان بە ڕوانین نایێت” تەنیا لە دیوەکەیدا مایەوە. هەستی بە خنکان دەکرد. له نێو تاریکی و ساردی دیوەکە بەڵگەی ئازارەکان لە سەر مێزەکە دەدرەوشایەوە. لەو کاتەدا کەوتە یادی ڕۆژانێکی دوور. ئەو ڕۆژانەی کە نە لە دەرەوە و نە لە سەرەوە، بەڵکو لە نێوان خەڵکدا دەژیا.

دینۆ بوتزاتی/محسن ابراهیم

خوێنەری خاوەنبیر! زۆر کەس باسی دەردەکانی کۆمەڵگایان کرد. بەڵام بە مامۆستا قانع دەڵێن  شاعیری چەوساوەکان. چونکا زۆرکەسان تەنیا دەیانبینی و دەیاننووسی. بەڵام مامۆستا قانع هەر بە زمانی ئەو خەڵکە دەیفەرموو: هەتا ماوم هەر ئاواتی کولێرەو چێشتی نیسکێنمە کوڕم دوعا دەکا بۆ نان و خۆیشم ڕەبی ئامینمە. مامۆستا قانع توانی ببێتە زمانی گەلێکی برسی. چونکا ئەو پیاوە جیا لە نووسین سەبارەت بە ژیانی تاڵی خەڵک، لەگەڵیان دەژیا. ڕووناکبیری بێدەرد، سیاسەتمەداری بێدەرد و ….  هەموویان دێنەوە سەر ئەو قسە کە نە تێر ئاگەی لە برسییە و نە سوارەش لە پیادە.

عیسا ئەحمەدی/سنه

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا