
دووهه‌می ڕه‌شه‌ممه ساڵڕۆژی کۆچی نووسه‌ر، لێکۆڵه‌ر و وه‌رگێڕی گه‌وره‌ی کورد مامۆستا عه‌بدولڕه‌حمان شه‌ره‌فکه‌ندی ناسراو به هه‌ژاره. مامۆستا هه‌ژار ساڵی ۱۳۰۰ی هه‌تاوی له شاری مه‌هاباد هاتووه‌ته دونیا، خۆی ده‌ڵێ له دایکێکی شازده ساڵه و بابێکی چل و هه‌شت ساڵه له گه‌ره‌کی خرێ له مه‌هاباد هاتوومه‌ته دونیاوه و کاتی له دایک بوونم ئاخر و ئۆخری به‌هاری ساڵی ۱۳۰۰ی هه‌تاوی بووه و پێناسه‌که‌م حه‌وت ساڵ دوای له دایک بوونم وه‌رگیراوه و ڕۆژی له دایک بوونم هه‌ژده‌ی پووشپه‌ڕ نووسراوه.
مامۆستا هه‌ژار له بنه‌ماڵه‌یه‌کی خاوه‌ن فه‌رهه‌نگ و کوردپه‌روه‌ردا په‌روه‌رده ده‌بێ به‌ڵام چه‌رمه‌سه‌ری و ئازار و ده‌ربه‌ده‌ری زۆر ده‌کێشێ و ژیانێکی ناخۆش ده‌باته سه‌ر. ژیان و به‌سه‌رهاتی مامۆستا هه‌ژار له‌م نووسراوه کورته‌دا ناکرێ باس بکرێت به‌ڵام بۆ یاده‌وری و ڕێز له‌و هه‌موو تێکۆشان و ڕه‌نج و هه‌وڵ و ئه‌و خۆشه‌ویستییه وا بۆ میلله‌تی ئێمه‌ی کێشا و ده‌یان به‌رهه‌م و ئاسه‌واری به‌نرخ و به چێژی پێشکه‌ش و ئاراسته کرد چاوخشانێک ده‌کێشینه سه‌ر ژیانیدا و بۆ ده‌رس وه‌رگرتن له مێژوو و هه‌روه‌ها قسه به‌نرخه‌کانی ئه‌م مرۆڤه دڵسۆز و به ئه‌مه‌گه ئاماژه‌یه‌کی پێ ده‌که‌ین.
مامۆستا هه‌ژار خۆی ده‌ڵێ: گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتم له ژیاندا قسه‌ی به‌ر ئاگردانه و چیرۆکێکه بۆ گێڕانه‌وه. مامۆستا هه‌ژار ده‌ڵێ: عیشقم به ئازادی کوردستان له‌وه به‌هێزتر بووه که خۆم ته‌نیا نه‌زری خۆشه‌ویستی و سه‌رپه‌ستی ماڵ و منداڵ بکه‌م و مه‌به‌ستم خزمه‌ت به گه‌له‌که‌م بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه خه‌ڵکی ئێمه تا که‌سێک و هونه‌رمه‌ندێک و که‌سایه‌تییه‌کی گه‌وره‌یان نه‌مرێ قه‌دری نازانن، پیره‌مێرد و فایق بێکه‌س و سه‌لام و ڕه‌فیق حلمی و قانع و حوزنی موکریانیمان له بیرن تا ژیابوون، مراندبوویانن و که مردن ژیاندوویاننهوه و پێیان ده‌ڵێن نه‌مر، ئاخر بۆچی نووسه‌ر و شاعیر و هونه‌رمه‌نده‌کانمان تا زیندوون که‌س ئاوڕیان لێ ناداته‌وه و که‌س به هیچیان نازانن، که‌چی که ده‌مرن و له ده‌ست ده‌چن ده‌گه‌ڕێنه‌وه سه‌ریان و شینیان بۆ ده‌گێڕن و کۆڕی شهپۆریان بۆ ده‌به‌ستن و چاکیان پێ هه‌ڵده‌ڵین و خۆشیان ده‌رباره ده‌بێژن و فرمێسکی گه‌رم و گوڕیان له دوو هه‌ڵده‌ڕێژن. بۆ نووسه‌رێک یان شاعیرێکی به‌رز که دێ په‌یدا بێ و بۆنی ئه‌وه‌ی لێ ده‌که‌ی که ده‌توانێ خشتێک له‌سه‌ر دیواری ئه‌ده‌بیات دانێ و په‌رده‌یه‌ک له‌ناو ماڵه‌که‌ی هه‌ڵاوه‌سێ، له‌به‌ر جوێن پێدان و گاڵته‌پێکردنی ئه‌م و ئه‌و، ناتوانێ سه‌رهه‌ڵێنێ و خۆ بنوێنێ و تا ده‌مرێ به جاسووس و خۆفرۆش و هه‌رزه و شێت و سه‌رسه‌ری دوای ده‌که‌ون و ڕێی گه‌شه‌کردنی لێ ده‌بڕنه‌وه.
مامۆستا هه‌ژار له درێژه‌ی ئه‌م باسه‌دا ده‌ڵێ: با ئه‌وه بزانن مامۆستا گۆران ئه‌گه‌ر له به‌ندیخانه‌دا نه‌بوایه، ده‌بوایه ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای بۆ نانی ڕۆژانه‌ی بپێوایه، قانع تا مرد نان و دۆی خۆی ڕۆژێک له په‌نایه‌ک نه‌دیت و زۆر به ناشکوری ناڵێم “له‌م کوردستانه‌ی ئێمه‌دا گه‌وره‌یی به میراته نه‌ک به هونه‌ر و جه‌وهه‌ر”.
مامۆستا هەژار فرەترین هەوڵ و خزمەتی بۆ زمانی نەتەوەکەی بووە و بە حەق خزمەتێ باشێ کردوە بە زمانی دایکی، خۆی دەڵێ: “پێناسەی گەلان لە جیهان، ئامیانی ڕەگەزایەتی، درووشمی نەتەوایەتی زمانە و بەس”.
جا ئەگەر ئێستا زمانی کوردی جێگە و پێکەیەکی لە دونیا هەیە و داب و نەریتی زمان و ئەدەبی کوردی پەرەی سەندووە بە هۆی هەوڵی کۆمەڵگا کە پاراستویانەو تایبەتی بە هۆی هەوڵ و تێکۆشان و زەحمەتی دڵسۆزی گەورە هونەرمەندان، نووسەران و لیکۆڵەرانێ بووە کە خۆیان بە تەنیا بە ئەنازەی نەتەوەیەک هەوڵ و کاریگەریان بووە کە هەژار دەتوانین وەک سەرقافڵەی ئەم ڕەوتە ناو بووین.
به‌ڵێ مامۆستا هه‌ژار بۆ سه‌ربه‌رزی نیشتیمان و دابین کردنی ئاشتی و پهرهوپێدانی ڕۆشنبیری و که‌لتوور و ئه‌ده‌ب و زمانی گه‌له‌که‌ی ژیانی خۆی ته‌رخان کرد و هه‌رگیز ده‌ستی له تێکۆشان به‌ر نه‌دا و شه‌و و ڕۆژ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته هه‌وڵی بێ وچانی دا. کێیه نه‌زانێ که هه‌ژار له ته‌مه‌نی ۲۴ ساڵه‌یدا نازناوی “شاعیری میللی کورد”ی له‌لایه‌ن قازی محه‌مه‌ده‌وه وه‌رگرتووه، کام خوێنده‌واری ئێرانییه نه‌زانێ له سایه‌ی قه‌ڵه‌می هه‌ژاردایه که پاش هه‌زار ساڵ ده‌توانێ کتێبی قانوونی بووعه‌لی سینا به فارسی بخوێنێته‌وه و کتێبخانه‌که‌ی به‌و کتێبه به‌ناوبانگه برازێنێتهوه.
ئه‌و زانا پایه‌به‌رزه زۆرتر له نیوه‌ی ته‌مه‌نی یان له‌گه‌ڵ زۆرداراندا به شه‌ڕ هاتووه، یان ناعیلاج نیشتمان و بنه‌ماڵه و که‌س و کاری به‌جێ هێشتووه و له ده‌ستان هه‌ڵاتووه. به جۆرێ که ماوه‌یه‌کی دوور و درێژ له چوار ده‌وڵه‌تان قاچاخ بووه و نه‌یوێراوه خۆی ئاشکرا بکات. هۆی ئه‌م ئاواره بوون و خۆشاردنه‌وه هیچی نه‌بووه مه‌گه‌ر بیر و ئه‌ندێشه‌ی به بایه‌خ و پڕ له هه‌ست و دڵسۆزانه و به تایبه‌ت قه‌ڵه‌مه پیرۆزه‌که‌ی هه‌ژار، مامۆستا هه‌ژار تاوانباری قه‌ڵه‌مه‌که‌ی بووه، چۆن له ڕاستیدا به قه‌ڵه‌مه‌که‌ی خه‌ڵکی نیشتمانه زوڵم لێکراوه‌ی بیدار و هۆشیار ده‌کرده‌وه و به داب و نه‌ریت و هونه‌ر و ئه‌ده‌بی گه‌له‌که‌ی خزمه‌تی باشی ده‌کرد و به‌رهه‌م و ئاسه‌واری به‌نرخی بۆیان ده‌نرخاند.
سه‌باره‌ت به هونه‌ر و نووسین و وه‌رگێڕان و زانستی ئه‌و بلیمه‌ته گه‌وره باس کردن وه‌کوو ئه‌وه‌یه سه‌باره‌ت به قازانج و ڕۆشنایی خۆره‌تاو باس بکه‌ی و له ڕاستیدا به‌رهه‌م و ئاسه‌وار و خزمه‌تی مامۆستا هه‌ژار له‌م بواره‌دا خۆی شتێکه که وه‌کوو خۆر وایه. به‌ڵام مامۆستا هه‌ژار بێجگه له‌وه‌ی له زمان و ئه‌ده‌بی کوردی‌دا هه‌ڵکه‌وته‌که‌ی که‌م وێنه بوو له زمان و ئه‌ده‌بی فارسی و عهرهبیشا ده‌سه‌ڵاتێکی هه‌راوی بوو، ئه‌و زانا نه‌ک هه‌ر مایه‌ی شانازی کوردستان بوو، به‌ڵکوو گه‌نجێکی له قیمه‌ت نه‌هاتووش بوو بۆ هه‌موو ئێران و هونه‌رمه‌ندیی و توانامه‌ندی و ده‌س ڕه‌نگینی مامۆستا هه‌ژار له‌وه تێپه‌ڕ بووه که به زه‌بری گهلخوران و دوژمنانی ڕۆشنایی دابپۆشرێ چۆن زۆربه‌ی و بگره هه‌مووی نووسراوه‌کان و به‌رهه‌مه‌کانی ڕووناکیان دیوه و به‌رده‌ستی خه‌ڵک که‌وتوون و له بازاڕی زمان و زانست و هونه‌ر و فه‌رهه‌نگدا قه‌در و قیمه‌تیان له وتن نایه. ئه‌م زاته دڵسۆز و به بایه‌خه دوای ئه‌و هه‌موو ڕهنخ و ئاواره‌یی و ژیان له که‌ژ و ئه‌م دێ و ئه‌و شاری زۆربه‌ی وڵاتاندا که هه‌مووی له‌به‌ر سه‌ربه‌رزی وڵات و گه‌شه‌سه‌ندنی ئه‌ده‌ب و زمان و فه‌رهه‌نگی کوردبوو سه‌رئه‌نجام له ۲ی ڕه‌شه‌ممه‌ی ساڵی ۱۳۶۹ی هه‌تاوی له شاری که‌ره‌ج دڵه گه‌وره‌که‌ی له لێدان که‌وت و ته‌رمه‌که‌ی گوازرایه‌وه به زێده‌که‌ی و له شاری مه‌هاباد به خاک سپێردرا.
مه‌به‌ست له نووسینی ئه‌م وتاره کرچ و کاڵه له پێشدا یادێک بوو له فیرده‌وسی کورد یانێ هه‌ژاری نه‌مر و دواییش ئاماژه‌یه‌ک به خۆمان که چالاکی و خزمه‌تی هه‌ژار و ده‌یان دڵسۆز و زانا و تێکۆشه‌ری وڵاته‌که‌مان فرامۆش نه‌که‌ین و ئه‌مان ببنه ئه‌زموونێک بۆ ئه‌مڕۆ و دواڕۆژ که قه‌در و ڕێز و ئه‌مه‌گ ناسی هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌ران و زانایانمان هه‌تاکوو ماون له به‌رچاو بگرین و پاڵ پشت و لایه‌نگریان بین و چێژیان لێ وه‌ربگرین و تۆمه‌ت و درۆی ناڕه‌وا له یه‌ک نه‌ده‌ین و به گژ یه‌کدا نه‌چین و حورمه‌تی یه‌ک بگرین و هه‌وڵ بده‌ین بۆ سه‌روه‌ری زمان و ئه‌ده‌ب و فه‌رهه‌نگی گه‌له‌که‌مان و دڵسۆزانی ئه‌م بواره و به‌و هیوایه که که‌سانی تر وه‌ک هه‌ژار ببنه مایه‌ی شانازی بۆ نیشتمان و خزمه‌تگوزار بۆ مرۆڤایه‌تی.
له کۆتاییدا ته‌نها هه‌ندێ له به‌رهه‌مه‌کانی مامۆستا هه‌ژار ده‌خه‌مه به‌رچاو؛
۱-ئالهکوک (شیعر) چاپی ۱۳۲۵ی هه‌تاوی ته‌ورێز
۲- ۆ کوردستان (شیعر) چاپی یه‌که‌م ۱۹۶۶
۳-مهم و زینی خانی به موکریانی چاپی یه‌که‌م ۱۹۶۰
۴-چوارینه‌کانی خه‌یام چاپی یه‌که‌م ۱۹۶۸
۵-شه‌ره‌فنامه هه‌ژار کردوویه به کوردی چاپی یه‌که‌م ۱۹۷۳ نه‌جه‌ف
۶- هۆزی له بیرکراوی گاوان چاپی یه‌که‌م ۱۹۷۳ به‌غدا
۷-یه‌ک له په‌ناوی خاڵ و سیفری بێ برانه‌وه نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی هه‌ژار کردوویه به کوردی
۸-ئارێ برا وا را برا، نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی هه‌ژار کردوویه به کوردی
۹-عیرفان به‌رامبه‌ری ئازادی نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی هه‌ژار کردوویه به کوردی ۱۰-دایه، باوه، کێ خراوه نووسینی عه‌لی شه‌ریعه‌تی هه‌ژار کردوویه به کوردی ۱۱-مێژووی ئه‌رده‌ڵان
۱۲-هه‌نبانه بۆرینه (فه‌رهه‌نگی کوردی- فارسی) چاپی ۱۹۸۸
۱۳-قانون در طب نووسینی بووعه‌لی سینا هه‌ژار کردوویه به فارسی
۱۴-دیوانی مه‌لای جزیری
۱۵-قورئانی پیرۆزی بۆ کوردی وه‌رگێڕدراوه چاپی تاران
۱۶-چێشی مه‌جێور و چه‌ندین به‌رهه‌می به‌نرخی دیکه …
قسه‌ی کۆتاییش ده‌بێ وه‌کوو موفتی پێنجوینی ده‌ڵێ: پیاوی گه‌وره‌مان نایته به‌ر دڵ تاوه‌کوو ئه‌و ڕۆژه ئه‌چێته ژێر گڵ، ئینجا…
باوکی ژوان/سنە




