اسلایدفرهنگییادداشت

ئێمە ڕۆڵەی سەلاحەدین نین

ڕازی ئەم ناساندنی کوردانی سوننە وەک ڕۆڵەکانی سەلاحەدین چییە و بۆچی نابێت بکەوینە نێو داوی ئەم دروشمە بریقەدارەوە؟

ساڵانێکی دوورودرێژە دروشمی «کوردان ڕۆڵە و نەوەکانی سەلاحەدینی ئەیووبی»ن لە هەر کۆڵان و گەڕەک و کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی عەرەبی و تورکی و لەم دواییانە کوردیشدا، دەبیسرێت. هەر لە زانایانی ئایینیی وەک محەمەدعەلی سەلابییەوە بگرە، هەتا دەگاتە ئەردۆغان و جۆلانی، بۆ چەندین جار بریقەی ئەم دروشمەیان گرتووەتە ناوچاوانی کوردانەوە! ئامانجی ئەم یادداشتە، وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەیە

کە سڕ و ڕازی ئەم ناساندنی کوردانی سوننە وەک ڕۆڵەکانی سەلاحەدین چییە و بۆچی نابێت بکەوینە نێو داوی ئەم دروشمە بریقەدارەوە؟ یەکەم؛ بەپێی ڕوانگەی مێژوونووسانی هاوچەرخە، چیتر میژوو بەتەنیا زانستی ناسینی ڕابردوو نییە، بەڵکوو ڕابردوو، مێژووی ئێستاکە؛ و زیندووکردنەوە و زەقکردنەوەی هەر بەشێکیشی، ڕەنگدانەوەی پێویستی و ئامانجەکانی چالاکانی جیهانی ئەمڕۆیە.

سەلاحەدینی ئەیووبی بۆ توێژەرێکی پرۆفیشناڵی مێژوو لە زانکۆ و ناوەندی توێژینەوە، کەسایەتییەکی مێژوویییە وەک ملیۆنان کەسایەتیی دیکە، وێڕای هەموو چاکە و ناتەواوی و خاڵە بەهێز و لاوازەکانی، مێژووی ژیان، سەردەم و کار و چالاکییەکانی لە لایەن توێژەرانی پسپۆڕەوە بە میتۆدی مێژوویی، زانستی و ڕەخنەگرانە، توێژینەوەی بۆ بکرێت و ئەنجامی توێژینەوەکەیان بکەوێتە بەر داوەریی توێژەرانی تریشەوە.

وێڕای ئەمەش، گرفتی گەورەی زانستی مێژوو بەپێچەوانەی زانستەکانی تری وەک فیزیک، کیمیا و تەنانەت فەلسەفە و کۆمەڵناسی، ئەوەیە کە لەژێر ڕکێفی بەستێنی زانکۆ و پسپۆڕانی بوارەکەدا نەماوەتەوە و ئاژینی ناو کۆمەڵگا بووە و هەرکەس و ناکەسێک ڕێگە بەخۆی دەدات لەبارەیەوە چی بڵێت و چی بنووسێت و چ بڕیارێکی لەسەر بدات. کێشەی گەورەتری مێژوو لە کۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوەیە کراوەتە ئامرازێکی ئایدۆلۆژیکی بۆ چەسپاندنی خوێندنەوەیەکی تایبەت لە شوناسی ئایینی و نەتەوەیی و گشتاندنی ئەم ڕوانگەیە. لێرەدایە کە مێژوو و کەسایەتییە مێژوویییەکان دەبنە داو و قەفەسێک کە ڕەنگە خەڵکانێک بکاتە کۆیلە و خەڵکانێکی تریش بکاتە ئاغا و ئەمیر.

دووهەم؛ دروشمی کوردان وەک ڕۆڵە و نەوەکانی سەلاحەدین، ئەمڕۆ ڕێک هەر ئەو قەفەسەیە کە عەرەب و تورکی سوننە بۆ هاومەزهەبە کوردەکانی خۆیان سازیان کردووە و لەو داوەدا گرفتاریان کردوون.

ڕەچەڵەکی کوردیی سەلاحەدین، هیچ بایەخێکی بەلای عەرەب یان تورکێکی سوننەوە نییە، ئەو ڕابەر و فەرماندەیەکی موسڵمانە کە لەپلەی یەکەمدا میسر، فەلەستین، حیجاز و بەشی عەرەبی و سەلجووقی (تورکی)ی جیهانی ئیسلامی لەژێر دەسەڵاتی خەلافەتی شێعەی فاتمی دەرهێنا و گەڕاندیانەوە بۆ ئامێزی ئیسلامی سوننە.

لەپلەی دووەمدا ئەو ڕزگارکەری قودس و سەرکردەیەکی جیهـادیی موسڵمان بوو کە بە کۆکردنەوە و یەکخستنی کوردانی موسڵمان، ڕۆژاوای جیهانی ئیسلامیی لە دەستی خاچپەرستان ڕزگار کرد و نەیهێشت ئەو ناوچانە وەک ئەندەلۆس (ئیسپانیا)، کە پێشتر موسڵمان و لەژێر دەسەڵاتی عەرەبدا بوو، دیسانەوە بکەونەوە باوەشی ئیمپراتۆریەتی ڕۆم و مەسیحیەتەوە.

سێهەم؛ زەقکردنەوەی دروشمی کوردەکان وەک ڕۆڵەکانی سەلاحەدین لە بارودۆخی ئێستادا هەڵگری چ پەیامێکە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە هەر ئەوەندە بەسە چاوێک لە دۆخی هەنووکەیی سووریا و تورکیا و وتەکانی ئەردۆغان لە ساڵیادی جەنگی مەلازگرد و وتاری ئەحمەد شەرع بۆ کوردان بە دروشمی “یا أحفاد صلاح الدین”، بکەین تا خولیا و ترسەکانی ئەم دوانە کە گوایا خۆیان لە قەڵافەتی خەلیفەکانی ئومەوی و عوسمانیی هاوچەرخدا دەبیننەوە و لە عێراقیشدا وەیلانن بەدوای خەلیفەیەکی عەباسیی لەچەشنی ئەبووبەکر بەغدادی، بە ڕوونی دەرکەوێ؛ هەروەها پێویستییان بە کوردان وەک پاسەوانانی سنوورەکانی جیهانی ئیسلام و کەواسووری بەرهۆردوو لە ئەگەری جەنگێ لە سبەی‌ڕۆژدا، لای کەس شاراوە نییە.

چوارەم؛ ئایا کۆمەڵگەی کورد دەبێت بەهۆی ئەو ڕوانگەیەی مسوڵمانانی سوننە و تورک و عەرەبەوە، سەلاحەدین لە مێژووی خۆیدا بسڕێتوە؟ وەڵامی من، «نەخێر»ێکی گەورەیە، چونکە ئەم کارە بەڕواڵەت نەتەوەیییە، دەکەوێتە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی گوتاری عەرەبی و تورکیی سوننەوە.

باشتر وایە کوردانی ژێر ڕکێفی دەسەڵاتی خەلیفەکانی ئێستای ئومەوی و عەباسی و عوسمانی لە سووریا، تورکیا و عێراقدا لە هەمبەر گوتاری سازێندراوی ئەوان بۆ سەلاحەدین، دژەگوتارێک لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بنیات بنێن. ئەمەی کە بنەماکانی خوێندنەوەی کوردی بۆ سەلاحەدین چین، زۆر جار خراونەتە بەرباس و لێرەدا تەنیا بەکورتی دەڵێم کە پێویستە کوردانی سوننە بە هاوارێکی بەرز بە ئەردۆغان و جۆلانی و سەرکردەکانی تری عەرەب بڵێن: ئەگەر سەلاحەدین، کورد بوو و ئێمەش برای موسڵمانی ئێوەین، چیتر بۆ دەبێ لە ئەمڕۆدا ئێمە کۆیلە و نۆکەری ئێوە بین؟.

بۆچی ئێوەیەک کە گەر سەلاحەدین نەبوایە، نەک دەوڵەت و دەسەڵات، بەڵکوو تەنانەت ئایین و زمانەکەشتان وەک ئیسپانیای ئێستای بەسەردا هاتبوو، دەبێت خوداوەندەکان بن و ڕۆڵەکانی سەلاحەدین بکەنە کۆیلەی خۆتان؟ ئەو سەلاحەدینەی وا ئێوەمانان بە کوردی دەزانن، دەسەڵاتداری قەڵەمڕەوێک بوو. کە ئەوەتانێ ئەمێستاکه لەسایەی سەری کۆڵۆنیالیستەکانەوە ۳۰ دەوڵەتی عەرەبی و تورکی تێدا بنیات نراوە؛ لەو سیانەیاندا کە سەردەمانێک ناوەندی سێ خەلافەتی سوننە بوون، سەد ساڵە کورد دەکوژرێت، ئەنفال و دەربەدەر دەکرێت.

مسوڵمانی کوردی سوننە، لەم سێ وڵاتەدا دەبێ بڵێت تا ئەو کاتەی خاوەنی مافی سیاسی و مرۆیی یەکسان نەبێت لەگەڵ تورک و عەرەبدا، نە ڕۆڵەی سەلاحەدینە و نە برای موسڵمانی ئەوان. ئەوان دەبێت بزانن کە گەر ئەمڕۆکە هەندێ سەرکردەی کورد ئامادەن ڕۆڵی ئیدریس بدلیسی و سەربازی جەنگییان بۆ بگێڕن، ئەوا گەلی موسڵمانی کورد وشیارن و ئەوان لەگەڵ ئیدریسەکانیاندا بەتەنیا دەهێڵنەوە؛ گەر ئەمڕۆ سەلاحەدینیش زیندوو با، وەک سەردەمەکەی خۆی بە شتێک جگه لە حوکمڕانی بەسەر عەرەب و تورکدا ڕازی نەدەبوو و ئەو هەڵۆیەی کە وەک هێمایەکی کوردانە بردبوویە شام، لەسەر سەری ئەحمەد شەرع دایدەگرت یان خۆیان لەژێریدا دادەنیشتن.

ئیسماعیل شەمس

وەرگێڕان:عەتا وەلەدی، مەریوان

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا