
تووندوتیژی وەک دیاردە و پرسێکی دەروونی، مرۆیی و کۆمەڵایەتی، پێوەندی راستەوخۆی بە کەمایەسی و ناپەروەردە بوونەوە هەیە و هەر چەن هیچ لۆژیک و ئاوزێک لە پشتی تووندوتیژییەوە نیه بەڵام بە شێوازی سیستماتیک رێی کوتاوەتە نێو هەموو رەهەندەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و تێکەڵ بە یاسا و زمان و ئاخاوتنەکان بووە.
لێرەدا و لەو کورتە باسەدا، باسکردن لە سەر پرسی تووندوتیژی کە باسێکی بەربڵاو، فرەرەهەند و بەردەوام لە گەشە دایە، ئیمکانی نییە، هەر بۆیە له باسە لاوەکییەکان خۆم دەبوێرم و باسی تووندوتیژی ژنان دەرحەق بە یەکتر دەورووژێنم.
خانمی رید لە کتێبی دایکسالارییدا دەڵێت؛ ژنانی سەرەتایی گۆشتخۆر نەبوون و لە لایەن پیاوانەوە فێری گۆشت خواردن بوون تەنانەت ئەوەش زیاد ئەکات کە پرۆسەی لێنی کردنی ئاژەڵان و پەلەوەران بە هۆی ژنانەوە ئەنجام دراوە. بەو پێیە بێت ژنان وەک پیاوان راوچی، هێرشبەر و تووندئاژۆ نەبوون و هەر لە سەرەتاوە، زاتی ژنان و داوێنی ژنان مەکۆی بەزەیی، رەحم، خۆشەویستی و لێبوردەیی بووە و فیزیۆلۆژی ژنان ئەوە دەخوازێت و بە میهرەبانی خولقاوە.
ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان و تێکەڵی ژن و پیاو، بارودۆخێکی دەروونی بۆ ژنان خولقاندوە کە ئەوان ملکەچی هەموو ویست، رەفتار و رەوشتێکی پیاوان ببن و یا ئەوەیکە ئەگەر برێک لە ژنان، لە برگەیەکی زەمەنییدا بە تەواوی ملکەچی پیاوان نەبووبن، بەڵام هەر بە ویستی خۆیان نەجووڵاونەتەوە، بەڵکوو تەنیا قەفەسەکە گەورەتر بووە. لە رابردوودا بە بێ تووندوتیژی ژیان بەرێوە نەچووە. شێوە ژیانی کۆچەریی و خێڵەکی بوون، مەترسی هێرشی ئاژەڵە درندەکان، نەبوونی پەروەردەی تەندرووست و زانستی و هتد،،، هۆکار بوون بۆ ئەوەیکە مرۆڤەکان بە گشتی تووندئاژۆ و زبررەفتار بن. گەرچی بە درێژایی مێژوو بە سەدان شارستانییەت و گەشەی عەقڵ و رۆشنبیری سەریهەڵداوە بەڵام تووندوتیژییەکان بە شێوازی جۆراوجۆر، وەک تووندووتیژی زمانی، رەفتاری، رەگەزی، سیکسی و ،،، ئاراستەی ژنان کراوە. کاتێک کەسێک یا لایەنێک، ستەم و تووندوتیژی قەبووڵ کرد و لە ژیانییدا ئاسایی بووییەوە ئەوە بۆ خۆیشی دەبێت بە تووندوتیژخوازێکی بچووکتر. تووندوتیژخوازیی ژنان کەمتر روو لە رەگەزی نێر و منداڵان بووە بەڵکوو بە زۆری ئاراستەی خودی ژنان بۆتەوە.
تووندوتیژییەکانی ژنان سەبارەت بە یەکتر ئەچیتە خانەی کێبەرکێ بۆ لایک و پەسەندی پیاوان. بەشێک لە تووندوتیژییەکان پێوەندی بە پرسی چینایەتییەوە هەیە، واتە ژنانی دەوڵەمەند و ژنانی هەژار. ژنانی جیهانی یەکەم بە چاوی بەزەیی و هەژار و نەخوێندەوار سەیری ژنانی وڵاتانی جیهانی سێهەم دەکەن.
ژنانی سپی پێست بە چاوی نەرێنی سەیری ژنانی رەنگی(سوور، رەش، زەرد و قاوەیی)دەکەن و خۆیان لای پیاوان بە پەسەندتر دەزانن. تووندوتیژییەکانی ناوخۆی ژنان بە راستی ئاڵۆز و جێی سەرنجە. بە گشتی ئەتوانین بڵێین کە هەموو تووندوتیژییەکانی کۆمەڵگا دەقاودەق لە نێو ژناندا دووپات بۆتەوە؛ واتە ژنان بێجگە لەو تووندوتیژییەی کە لە لایەن رەگەزی نێرەوە ئاراستەیان دەکرێت جارێکی دیکە تووندوتیژییەکی نەهێنی، نێوخۆیان ئەزموون دەکەن.
ئەگەر لێرەدا پەنا ببرێتە بەر داتا و بەڵگە، وتارەکە درێژدادرتر دەبێتەوە هەر بۆیە باسەکەمان بە ئاماژەدانێکی کورت بە ژنانی کورد، کۆتایی پێ دێنین.
لەو سەردەمەی ئێمەدا بە هۆی پێشکەوتن و هاتنە گۆرەپانی ژنان، دەتوانین بڵێین کە ژنی کوردیش وەک باقی گەلان کێشە و کەمایەسییەکانیان بە هندێک جیاوازیی بچووکەوە، هاوبەشە. بە چاو خشاندن بە ئەدەبی زارەکییدا، هندێک دەستەواژەی وەک “بووک و خەسوو”، “دش و براژن”، “هەوێ” و،،، بەدی ئەکەین کە هەمووی شایەدییە لە سەر پێوەندی ناتەندرووست و ناکۆکی نێو ژنان کە دەقاودەق ئەو بابەتە لە ناوکۆمەڵگە ناکوردەکانیشدا بەدی دەکرێت. دەتوانین بڵێین کە تووندوتیژییەکانی ژنان لە دژی ژنان بەردەوام لە پەرەسەندن و نوێبوونەوەدایە و بە هۆکارگەلی وەک نەبوونی پەروەردەیەکی زانستی، سەردەمیانە و گشتگیری تایبەت بە ژنان و هەروەها پەرەئەستاندنی دیاردەگەلی ناحەزی جیهانی وەک شەر، تیرۆریزم، مادەی هۆشبەر و،،، یەخەی ژنانی گرتووە و ژنی کوردیش بە هۆی ستەمگەلێکی نەتەوەیی، سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و،،، کە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناکوردەوە ئاراستەیان کراوە بەردەوام وەک رەگەزی پلە دوو و سێ، حەسابی بۆ خۆی کردووە و تەنانەت بێجگە لە کۆمەڵگای دواکەوتووی خۆی، داسەپاندنی زمان و کلتووری ناکوردی و لاوەکی، جۆرێک هەستی خۆ بە پلە دوو سێ زانی و سەرلێشێواوی لە هزری ئەواندا جێگیر کردووە.
سەرئەنجامی باسەکە ئەوەیە کە توونوتیژی نێو ژنان یەکێک لە جۆرە نەهێنییەکانی تووندوتیژییە کە زیاتر خۆیان هەستی پێدەکەن و بەو هۆییەوە کە بە شێوەی زبر، فیزیکی و لێدان رووبەرووی یەکتر نابنەوە، تووندوتیژییەکان زیاتر زمانی و رەفتارین. ژنی ستەمکار بۆ خۆیشی ستەم لێکراوە چوونکا ستەم و تووندوتیژی بۆ کەسێکیترە کە لە رەگەزی پیاوە. بەو هۆییەوە کە پیاوان لە بەر ههندێک هۆکار نایانهەوێت راستەوخۆ بەرابەر بە ژن تووندوتیژی بکەن ئەو ئەرکە دەسپێرن بە خودی ژنان. لە تووندوتیژی نێوخۆیی ژناندا، ژنی براوە و سەرکەوتوو بوونی نیە بەڵکوو هەر دوو لە گۆرەپانێکدان کە لە لایەن دەسەڵاتێکی باڵای پیاوانەوە چاوەدێری و کونترۆڵ ئەکرێت.
فەرەیدوون پەروازە




