
بەرزەپەستانی خوێن بەیەکێک لەو کێشە تەندروستیانە دادەنرێت کە ڕووبەڕووی زۆرێک لەمرۆڤەکان دەبێتەوە لەسەرتاسەری جیهان بەهۆی کۆمەڵێک هۆکاری جیاجیاوە.
بەرزەپەستانی خوێن بریتیە لەزیادبوونی هاتوچۆی خوێن لەنێو دەمارەکان بەشێوەیەکی ناسروشتی و ئەوەش دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی تەندروستی وەک نەخۆشیەکانی دڵ و دەمارەکان و پەککەوتنی گورچیلە و جەڵتەی مێشک.
پسۆڕان کۆمەڵێک ئامۆژگاری بەسوود دەخەنەڕوو بۆ ڕزگاربوون لەبەرزەپەستانی خوێن، ئەوانیش:
* کەمکردنەوەی کێش: پەیوەندی پتەو هەیە لەنێوان قەڵەوی و بەرزەپەستانی خوێن و کەمکردنەوەی کێش رێگایەکی چالاکە بۆ کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێن.
* بەردەوامی چالاکی جەستە: ئەنجامدانی ڕاهێنان و وەرزشکردن بەشێوەی رێکخراو وەک پاسکیل لێخوڕین و رۆیشتن و ڕاکردن دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.
* کەمکردنەوەی خوێ : زیادەڕەوی لەبەکارهێنانی خوێ دەبێتە هۆی زیادبوونی مەترسی بەرزەپەستانی خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ و دەمارەکان.
* وازهێنان لەجگەرەکێشان : کەسانی جگەرەکێش زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزەپەستانی خوێن و نەخۆشیەکانی دڵ زیاترە ، ئەگەر کەسێک پەستانی خوێنی بەرزبوو دەبێت واز لەجگەرەکێشان بهێنێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی.
* سیستمی خۆراکی تەندروست: گرتنەبەری سیستمێکی تەندروستی خۆراک کە دەوڵەمەند بێت بە دانەوێڵە و میوە و سەوزە و بەروبومی شیرەمەنی و کەمکردنەوەی خۆراکی پڕ لەچەوی تێر و کۆلیسترۆل دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.
* کەمکردنەوەی فشاری دەروونی: کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و ئەنجامدانی یۆگا و ڕاهێنانەکانی پشوودان بەسوودە بۆ دابەزینی پەستانی خوێن.
* کەمکردنەوەی کافایین : خواردنەوەی زیاتر لەچوار کوپ قاوە لەرۆژێکدا دەبێتە هۆی زیادبوونی پەستانی خوێن.
* کەمکردنەوەی خواردنی شیرینی: کەمکردنەوەی بەکارهێنانی شیرینی و خواردنەوە شیرینەکان بەشێوەیەکی زۆر دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.
* خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بەپۆتاسیۆم: ئەو جۆرە خۆراکە وەک مۆز کاریگەری دەبێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری سۆدیۆم لە لەش و کۆنترۆڵبوونی پەستانی خوێن.




