اجتماعیاسلایدیادداشت

ڕاستی بە کردار و ڕەفتارە، نەک قسە و گوفتار

(ئەحمەد بەهائەدین) نوسەر و ڕۆژنامەنوسی میسری دەڵێ: “گەورەیی هەر بە قسەکردن نییە، بەڵکو بە ڕەفتارە پێش هەموو شتێکی تر.”

هەمیشە کردار و ڕەفتار و هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەرخەری ڕاستی و ڕاستەقینەی پەیوەندییەکانن بە گشتیی هەر ئەوەش دەبێتە سەلمێنەری ڕاستگۆیی و خۆشەویستی نێوان کەسەکان و پەیوەندییەکان بە گشتیی لە نێوان کەسەکان و خێزان و کۆمەڵگە و پەیوەندییەکانی تری کار فەرمی و نافەرمی. بەڵام قسە و گوفتار هەرگیز نابێتە دەرخەری ڕاستگۆیی و قووڵیی پەیوەندییەکان، چونکە قسەکردن ئاسانە، بەڵام کردار ئەستەمە. وە هەرگیز ئەوانەی ڕاستگۆن لە کردار و هەڵسوکەوت ناتوانن نمایش و نواندنی پێچەوانە بکەن لە قسە و گوفتاریان. لە بیرمان نەچێت هەڵوێستەکانیش هەمیشە سەلمێنەری ڕاستی کردار و ڕەفتاری ڕاستەقینەن. لە هەمان کاتدا دەبێتە شەرمەزاری و شوورەیی بۆ قسە و گوفتارە بەرژەوەندییە کاتییەکان ئەوەش دەوەستێتە سەر کەسایەتی و ڕەوشتی کەسەکان.

دەبینین زۆر جاران قسە و گوفتاری بریقەدار هەڵخەلەتێنەری کاتین. بەڵام هەڵسوکەوت گەوهەر و بنچینەی ڕاستەقینەی مرۆڤ دەردەخات و نیەتپاکی و جێگیری کەسایەتی ڕەنگ دەداتەوە و بیروهزری مرۆڤیش درکی پێدەکات و کە هەردەم ڕەفتاری جێگیرو ڕاستگۆ بەڵگە و دەرخەری دڵسۆزین، نەک قسە و پیاهەڵدان و دڵ ڕازیکردنی مەبەستدار.

دەگێڕنەوە” جارێک پیاوێک لە ناو کۆمەڵێک خەڵکی تر کۆڕو سیمیناری بۆ دەکردن و قسە و ئامۆژگاری و نەسیحەتی دەکردن و زۆر بە زمانێکی باوەڕ بەخۆ بوو و لە سەرەخۆ و بەهێمنی قسەی بۆیان دەکرد و دەیگوت خەڵکینە پێویستە لە سەرمان لێبوردە و بەخشندەبین و لە یەکتر ببورین، ئەگەر لە یەکتر نەبوورین و چۆن دەتوانین داوا لە خودای گەورە بکەین لێمان خۆش بێت و بمانبورێت ئەگەر هاتوو ئێمە لە ناو خۆمان لە یەکترمان نەبووری و لە یەکتر خۆش نەبووین، وشە و قسەکانی سادە و ساکار بوون، بەڵام ڕاستییە،وە خەڵکەکەی بەرامبەری زۆر بە گرینگیەوە گوێیان لێ گرتبوو شاگەشکەببوون وەکو بڵێی پیاوێکی دانا و زاناو ڕاست کردارە وا لە قسەکانیدا دەردەکەوت، قسەکانی کۆتایی پێهێنا ئامادەبووان پێی سەرسام بوون و دواتر لەگەڵ خێزانەکەی خۆی ڕۆیشتن و لە ڕێگای گەڕانەوەدا خێزانەکەی ئاوڕی لێدایەوە بە هێمنی گوتی شتێک هەیە دەمەوێ پێت بڵێم دەترسام باسی بکەم، بەڵام قسەکانی ئەوڕۆت هانی دام کە باسی بکەم بە زەردەخەنەیەوە گوتی خۆشەویستەکەم بۆم باس بکە و پێم بڵێ کەمێک ڕاما و دواتر گوتی من کاتژمێرە زێڕەکەی تۆم برد و فرۆشتوومە، چونکە پێویستیم بە پارەی زۆر هەبوو، وە هیچ چارەیەکی ترم نەبوو تەنها فرۆشتنی کاتژمێرەکەی تۆ نەبێت.

لە ناکاو ڕەنگی ڕوخساری هەڵبزڕکاو و ئۆتۆمبێڵەکەی بە توندی وەستاند و بە توڕەییەوە پێی گوت و ئەوەتۆ چی دەڵێ؟ تەماشای کرد و گوتی بەڵێ‌ پێویستم پێی هەبوو وە تۆش زۆر پڕ ئیش و کاری و دەرفەتت بۆ من نەبوو پێت بڵێم و هیچ ڕێگایەکی ترم لە بەردەم نەبوو، هاواری بە سەردا کرد و گوتی وادەزانی لێت دەبورم و لێت خۆش دەبم ئەو کاتژمێرە هەر لە بنچینەدا هی تۆ نییە، بەڵام ئافرەتەکە هەرچەندە دەترسا و بەزەردەخەنەیەکەوە بە هێمنی و لە سەرخۆ گوتی تەنها ویستم تاقیت بکەمەوە ئایا دەتوانی لێم ببوری و لێم خۆشبی هەروەکو لە قسەکانتدا ئامۆژگاری ئەو خەڵکەت دەکرد پێش ماوەیەکی کەم.

دڵنیابە و مەترسە کاتژمێرەکەت تا ئێستاش وا لە دەستی خۆتدایە و نەمفرۆشتووە، بەڵام شتێک بۆ خەڵک باس مەکە و لەخەڵکی داوا مەکە کە خۆت ناتوانی ئەنجامی بدەی و باوەڕت پێی نییە. دواتر تەماشای ڕێگای پێش خۆی کرد و گوتی بانگخوازبە بە ڕەوشت و کردارەکانت،قسە لە سەر ئەو شتانە بکە لە ڕەوشت و کردار و هەڵسوکەوتی خۆت ڕەنگدەداتەوە و باوەڕت پێی هەیە پێش ئەوەی بە قسە دەرببڕی و بۆ خەڵکی باس بکەی. خەڵک بەدوای ئەو کەسانە ناکەون و بڕوا و متمانەیان بەو کەسانە نییە کە بە قسەی جوان و بریقەدار ئامۆژگاریان دەکەن، کە ئەوان لە کردەوەو ڕەفتارەکانیان پێچەوانەی قسەو گوفتاریان دەبینن.

زۆرن ئەو کەسانەی کەوا پێشبڕکێیانە بۆ ئەوەی ئامۆژگاری خەڵک بکەن و قسەیان بۆ بکەن لە هەر دەرفەتێک کە بۆیان بڕەخسێت، بەڵام لە بیریان دەچێ هەمیشە باشترین نەسیحەت و قسەکردن لەو ژیانە ئەوەیە کەوا کردار و ڕەفتارەکان چاکترین ئاوێنەی ڕاستگۆیین بۆ ئەو قسە و گوفتارانەی کە دەریان دەبڕن و باسیان دەکەن. لە کۆتاییدا لە بیرمان نەچێت هەمیشە هەڵسوکەوت و ڕەفتار و کردار ڕەنگدانەوەی بەها و بیرو هزری ڕاستەقینەن. بەڵام قسە و گوفتار تەنها و تەنها نمایش و خۆدەرخستن و دڵ ڕازی کردن و هەڵخەلەتاندنی بەرامبەرە بۆ مەبەستێکی دیاری کراو. بۆیە دەبێ هەردەم جەخت لە سەر ئەوە بکەینەوە کە ئەوەی بە کردار ئەنجام دەدرێ پێوەری ڕاستەقینەی هەموو هەست و سۆز و بیرکردەوەکانن.

بەکر کەریم حەسەن (ماستەر لە کارگێڕیی پەروەردەیی)

 

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا