
چەند ڕۆژ دوای ئەوەی کە سەد کافری مەلعوونیان بە تاوانی بێئیمانی لە ناوەڕاستی شاردا سووتاند و ئیمانی ئیماندارانیان پتەوتر کرد، حەزرەت تەشریفی هێنا. لە سووچێکی گۆڕەپانی شاردا ڕاوێستا. منداڵان باوەشیان بۆ ئاوەڵا کرد. ژن و مێردێک کە تەرمی منداڵی تاقانەیان بۆ سەرقەبران دەبرد، چوونە خزمەتی و وتیان ئێمە هەر ئەم منداڵەمان شک دەبرد.
گەورەیی خۆتمان بۆ دەرخە. حەزرەت دەستی نایە سەر تەرمی نەرمی ئەو منداڵە. منداڵ بە پێکەنینەوە بەرەو ئامێزی دایکی هەڵات. هەر زوو ئەم هەواڵە گەیشتە سەرۆکی زانایانی ئایینی شار. چەند سەربازی نارد بە پەلە قۆڵبەستی بکەن و بیبەن بۆ زیندانی تاکەکەسی. هەتا تەواوی خەڵک بەو باسەیان نەزانیوە. نیوەشەو سەرۆکی زانایانی ئایینی هات بۆ زیندان. کۆت و زنجیر حوکمیان دەکرد.
درگای پۆڵای بەندیخانەکەی کردەوە. تۆزێ سەیری یەکتریان کرد. سەرۆکی زانایانی ئایینی وتی باش دەزانم تۆ کێیت. پێویست ناکات خۆتم پێ بناسێنیت. بەڵام ئەوەی که نایزانم ئەوەیە، تۆ پاش هەزار ساڵ بۆ هاتویتەوە؟ ئێمە ئەم جێگە و پێگەمانە بە مفت و مەرحەبا دەست نەکەوتووە کە تۆ بیت و ئێمە و منداڵی ئێمە بکەیت بە هاوماڵی ڕەش و ڕووتان. کاتێ کە بڕیار بوو تۆ لە خاچ بدەن، گەورە پیاوێکی وەکوو شەیتان بەو هەموو زانست و حیکمەت و تێگەیشتوویەوه هاتە لات و وتی کارێکی وادەکەم نانی هەموو خەڵک بە دەستی تۆ بێت، واز لەم بەزمە بهێنە. بەڵام تۆ چیت کرد؟ دژ بە شەیتان وتت دینێک بۆ نان بێت، هەر نەبێت باشترە. نان و بێدەنگی واتە ونکردنی مانای بەرزی ئینسانی.
وتت ئازادی لەلای من لە هەموو شتێک گرینگترە. بەڵام من بڕوا ناکەم خەڵک حەز بە ئازادی بکەن! دەزانی بۆ؟ چوونکا ئازادی ڕاستەقینە بەرپرسبوون دێنێت. ئازادی بارێکی قورسە. ئەو خەڵکە نە شانی کێشانیان هەیە و نە قاچی پێوان. تۆ باری ئازادیت نایە سەر شانی خەڵک و ئێمە دامانگرت. ئەگەرچی خۆمیش شەوان بە ئارامی ناخەوم. سەرۆکی زانایانی ئایینی چەند هەنگاو هاتە پێشەوە و وتی: ئێمە درێژەمان بە ڕێبازی تۆ نەدا، بەڵام بە هێواشی و بە خشکە هێنامانە سەر قسەی شەیتان.
ئێستا خەڵک ئازادی خۆیان بە نان گۆڕیوەتەوە. ئێمەش کە نانمان بە دەستە، ئاغایی دەکەین. هەر چێکیش دەبێت، پێیان دەڵێین ئەزموونی خوداییە، دۆعا و نزا بکەن. بەڵام تۆ چی؟ تەنیا ناوێکت لێ بەجێ ماوە. ڕەنگە دڵخۆش بە کتێبەکەت بیت. بەڵام لە مێژە ئێمە کتێبەکەتمان ناردووە بۆ سەرقەبران و بۆ مردووەکانی دەخوێننەوە. بڕۆ سەیری ئەو خەڵکە بکە. بزانە چەندین دەستەمان دروست کردووه. بەهەر کامەشمان وتووە هەموو ڕاستییەکان تەنیا لای ئێوەیە و باقی خەڵک لە ژنە عەجەمەکەن.
جا هەر دەستەیێک شێوازی قسەکردنیان، جلوبەرگیان، شوێنی دوعا و پاڕانەوەیان تەنانەت شێوازی هاوسەرگیری و هەستیان تایبەت بە حیزبەکەیانە و نیشانەی ئەندامبوونیانە. ڕەنگە وابزانی چوونکا ئەندامانی ئەو دەستە، وەکوو یەک بیر دەکەنەوە، بۆیە هەموو شتێکیان وەکوو یەکە، بەڵام وانییە. ئەو دەستە و گرووپانە هیچ کەسیان بیر ناکاتەوە. ئێمە دەمانزانی بیرکردنەوە ئەستەمترین کاری دنیایە و ڕەنجی بە دواوەیە. بۆیە لە هەر دەستەیێک یەکێکمان دانا کە لەباتی هەموویان بیر بکاتەوە. واتە سپاردنی ئازادی و بیری هەزاران کەس بە دەستی کەسێک.
. ئێستا زانیت ئێمە چەندە سەرکووتوین؟ ڕێگای بیرکردنەوەمان داخستووە. تەعەسوبمان لەجێی ئیمان داناوە. گوێڕایەڵیمان بە ڕێگای ڕزگاری پێناسە کردووە. وامان کردووە کە خەڵک بە دوای ڕاستیدا نین، هەر حیزب و جەماعەتێک ئەگەر تەنیا بتوانێ سک و ژێر سکیان بۆ دابین بکات، خەڵک ڕووی تێ دەکەن. لە هەمووان گرینگتر، خەڵکی وادەزانن هەرچی کە ئێمە دەیکەین پیرۆز و موبارەکە.
جا هەر کەسیش دەیەوێ قسەی حەق بکات، کێشە نییە. بەڵام دەبێ تاوانەکەی بداتەوە. شەمێک لە سووچی زینداندا دەسووتا. سەرۆکی زانایان سەیری سێبەری لەرزۆکی خۆی بە دیواردا کرد و بۆ دوایین جار ڕووی کردە زیندانی و وتی: ئەم بێدەنگیەت کەڕم دەکات. نازانم بە ڕێبواری هاتووی یان ئیشی دیکەت هەیە. بەڵام ئەوە بزانە ئەو هەموو ناوەندە ئائینییە مووزەخانە نین کە سەیر کەیت و بڕۆی، ئەوانە ئامێرن. منیش ئەم شان و شەوکەتەم لە وردەواڵەفرۆش نەکڕیوە.
دڵنیابە ئەگەر سبەینێ لەم شاردا بتبینمەوە، یەکم کەس کە بڕیاری کافربوونی تۆ بدات منم. ئەمجارە مردنێکی تاڵتر لە مردنی سەردەمی ڕۆمیان چاوەڕێتە. جا ئەوکات دەزانی خوداکەی تۆ دەیباتەوە یان شەیتانەکەی ئێمە. حەزرەت هیچی نەگوت. بێدەنگییەک بە قورسایی هەزار ساڵ.
فێئودور دەستایێفسکی/ صالح حسینی
خوێنەری خاوەنبیر! سەرۆکی زانایانی ئایینی ئاماژە بە چەندین خاڵی گرینگ دەکات. ئازادی ڕاستەقینە بەرپرسبوون دێنێت. بەرپرسبوون پێویستی بە بیرکردنەوەیە، کە ئەویش ڕەنجی لە دواوەیە. ئەوەیە کە زۆرێک لە مرۆڤەکان ئازادی لەگەڵ نان دەگۆڕنەوە. ئەوەش کە ئازادی هەڵدەبژێرێ، لە خاچ دەدرێ، دەسووتێ.
عیسا ئەحمەدی/سنه




