
ئێش لە شوێنێکی دیکەیە
ئێمە لەمێژە مردووین، جا کەس نییە بماننێژێ
بەیانی ڕۆژی شەممە، خۆر هێشتا بە تەواوی سەری لە ئاسۆ هەڵنەهێنابوو، کەچی گەرما دەستی بە فەرمانڕەوایی کردبوو. ئەو پیاوە تەنیا ددانسازی ئەو شارۆچکە بوو؛ شارۆچکەیەک کە هێشتا بۆنی دێهاتی لێوە دەهات، بەڵام لە دەوریدا گەڕەکە هەژارنشینەکان ساڵ بە ساڵ وەک قارچک و کارگی دوای باران هەڵدەتۆقێن.
هەر لە هەڕەتی لاویدا، وەک زۆرێک لە هاوتەمەنەکانی، بۆ کرێکاری بوو بە ئاوارەی وڵاتان. کاتێ گەڕایەوە، ددانسازی فێر ببوو. لەوەبەدوا باڵەخانەی ماڵە سادەکەی کردبووە شوێنی کار. ژوورێک کە هەم بۆنی ئەلکۆل و دەرمانی ددان و ڕۆنی مێخەکی لێ دەهات، هەم بۆنی نان و ژیانی ڕۆژانەی خێزان.
ئەو بەیانیەش هەر لەڕێوە دەستی بە کار کرد. مێزێکی ساکاری هەبوو. ئامرازەکان لەپاڵ یەک دانرابوون. دەستێک ددانی دەستکردی لە قاڵبدا هێنایە پێشەوە و بەوردی لێی ڕوانی.
لەو کاتەدا کوڕەکەی هاتە ژوورەوە.
-سەرۆکی شارەوانی هاتووە، دەڵێ دەبێ باوکت ددانم بکێشێ.
ـ بڕۆ پێی بڵێ باوکم لە ماڵ نییە.
کوڕە ڕۆیشت و دوای چەند خولەک گەڕایەوە.
ـ دەڵێ دەزانم لەماڵە.
– باشتر. با هەر بزانێ. چەند خولەکێکی تر تێپەڕی. کوڕە بە هەڵەداوان هاتەوە.
– دەڵێ یان ددانم دەکێشێ، یان هەر بۆخۆم دەیکوژم.
ددانساز بە ساردی وتی: بڕۆ پێی بڵێ بێت، با بمکوژێ. ئێمە لەمێژە مردووین، جا کەس نییە بماننێژێ. دەرگاکە کرایەوە. سەرۆکی شارەوانی هاتە ژوورەوە. لەبەر ئێش و بێخەوی وەکوو جندۆکەی نێو کەلاوە کۆنی لێهاتبوو. لەبن لێویەوە ورتەیەک وەک سڵاو دەرهات. پاشان لە سەر سەندەڵییەکە دانیشت و وتی ئێشی ددان، ژیانی لێ تاڵ کردووم.
ددانساز بەدەم هەستانەوە وتی: وا دیارە ئێش پلە و پایە ناناسێت. ددانساز پاش سەیری ناو زاری وتی: ددانت چڵکی کردووە. دەبێ بەبێ سڕکردن بیکێشم.
سەرۆکی شارەوانی بە دەنگێکی بێهێز پرسی -دەی… ئێشی زۆرە؟
-ئەیی، بەڵام ئێش و ئازار لە شوێنێکی دیکەیە.
پاشان سەری بۆ لای ڕووناکایی سووڕاند. بە سەرپەنجەکانی ددانی کاکیلەی پشکنی. پاشان هێواش هێواش ئامرازەکانی لە ئاوی گەرم دەرهێنا.
هەتا ددانەکەی لەق کرد و کێشای، کابرا مرد و زیندوو بووەوە. چاوی ئاوی تێزابوو. ددانساز، بەبێ ئەوەی تەنانەت جارێکیش سەیری بکات، وتی تا چەند ڕۆژ دەمت بە ئاوخوێ بشۆ. پاشان ددانسازەکە چوو دەستی بشوات.
هەروا کە دەستی دەشۆرد، سەیری نێو شەقامە کاولەکەی دەکرد. دەستفرۆشەکان هەتا نێوەی جادەکەیان داگیر کردبوو، دەنگیان لە دوورەوە تێکەڵی هەراوهوریای شەقام دەبوو. لەو بەری شەقام، چەند منداڵ لەنێو زبڵی گەڕەک بەدوای شتێکدا دەگەڕان. سەگە بەڕەڵاکان خۆیان دابووە سێبەری دیوارێک کە پۆستێری کۆنی هەڵبژاردنی پێوە مابوو. لە کۆڵانی بەرانبەر، ژنێک داوێنی کراسەکەی لە پشتێندەکەی چەقاندبوو هەتا ئاوەڕۆی شکاو، جلەکانی لە نوێژ نەبات.
شۆفێری شارەوانی لەپاڵ ماشێنە ڕەشەکەی ئیدارە جگەرەی دەکێشا. چەند کەسێک دەورەیان دابوو. قسەیان لەگەڵ دەکرد. هەروا کە سەرۆکی شارەوانی دەچوو بەرەو دەرەوە، ددانساز وتی:
ـ لە گیرفانی خۆت حەقەکەی من دەدەی، یان بێم لە سندووقی شارەوانی وەری بگرم؟ سەرۆکی شارەوانی ڕاوەستا. بە زەحمەت قسەی بۆ دەهات، تفێکی خوێناوی کرد و وتی:
ـ«هیچ جیاوازییەک نییە؛ پارە، هەر پارەیە.» چەند خولەک دواتر، ماشێنەڕەشەکە لەنێو تۆزی شەقامدا ون بوو. گەماڵەکان چەند هەنگاوێک بە دوای ماشێنەکەدا هەڵاتن. کاتێ تۆزەکە نیشتەوە، ئەو منداڵانە هێشتا لەنێو زبڵدا بەدوای شتێکدا وەیلان بوون.
ددانساز بۆ ماوەیێک هەروا بێدەنگ سەیری شەقامەکەی دەکرد. پاشان گەڕایەوە بۆ سەر کارەکەی. ددانە دەستکردەکەی هێنایە پێشەوە و دانیشت.
ئامرازەکان لە تەنیشت یەکتر دانرابوون. لە دەرەوە، دەنگی دەستفرۆشەکان و هەراوهوریای شەقام دەهات. بە دەنگێکی نزم وتی: «ئێش و دەرد لە شوێنێکی دیکەیە.»
لە سەر بنەمای چیرۆکی گابریل گارسیا مارکز-عیسا ئەحمەدی/سنه




