فرهنگییادداشت

ئەگەر مامە کەریمم پارلمانتار بوایە…

ئەگەر مامە کەریمم پارلمانتار بوایە… (تەنز)

کە بیری لێ دەکەمەوە چی ئەبوا مامە کەریمم لە جیاتی ئەو ڕۆمانیە ژێرسک ڕەوغەنیە، پرادۆێکی چوار دەری لە ژێر پێدا بوایە و ئەو ڕیشە ڕەقەی جوان بتاشیایە و بە کۆت و شەرواڵێکی خەتخەتی ئاویی نەفتی چەن بە هەیبەت دەبوو، جا زەنگی بدایە:« ئەرێ هەتیو هەتا کەی دەتەوێ لە ئەو ئیدارە شڕۆڵە دابنیشی؟

وەرە بۆ لای خۆم لە تاران لە ماوەی یەکساڵدا دەتکەمە جێگری وەزیر »منیش دەم گوت :«مامە واز بێنا جێگری چی … کەی لەو سەرەوە جێگەی ئێمە دەکەنەەوە» ئەویش دەیگوت :«حەی یا حەی، بە سەرت ئەوە دۆینێ شەو لەگەڵ وەزیرەکەتان بە یەکەوە شاممان خوارد، دەیگوت هەرکارێکت بێت لە سەرچاوی دەنێم بەو شەرتەی واز لەم ڕوون کردنەوە و پرسیار و عەلەم و قەلەمە بێنی… هەر ئەوەبوو تۆ کەوتیتە بیرم کە بتهێنم بۆ تاران، ئەوە نیە باوکت هەر گلەیم لێ دەکا؟،

گوتم کاکە ئەوەمن تازە بوومەتە نۆینەر و با یەکساڵی لێ تێپەڕێ و چوار گەورە پیاو بمناسن خۆم دەزانم چی ئەکەم…» کە دەچمە ناو نرخیەوە هەر بەڕاستی ئەگەر مامۆێک، خاڵۆێک، بنە ئامۆزاێک یا خزمێکی تەنانەت دووریشم پارلمانتار، بەڕێوەبەر یا دەسەڵاتدار بوایە ئێستە حاڵ و وەزع و پلەو پایەم چۆن بوو؟ ناڵێم جێگری وەزیر، بەڵام هەر لەم ئیدارەی خۆمدا کەسێک بووم بۆ خۆم، چیم لە هاشمە گێج کەمترە کە بە بۆنەی برای خاڵۆژنیەوە بوەتە ڕەئیس و پێ ئەڵێن موهەندس هەواسی، یا سابیرە رەق و تەق ڕۆژی هەوەڵ هاتە سەرکار نەیدەزانی کەمپیوتەرەکەی خامووش و ڕۆشن بکات، ئێستەش نازانێ نامەیەکی کورتی ئیداری بنووسێ، ئەوە قەولیان پێ داوە تا چەند مانگێ تر بچێتە ژمێریاری.

نازانم کارەکان خوا بۆچی وایە هەرچی گێج و سڕ بوو لەم ئیدارەیەدا بو بە کەسێ بۆ خۆی و ئێمە و چەن کەسی تر لە بێکەسی خۆماندا هەر خەریکی دەرس و کتێبین و هەرچی کاریشە بە ڕێک و پێکی دەیزانین، هەروەکوو حەماڵ پازدە ساڵە ئەسوڕێینەوە و هەر لەو پلە و پایەی خۆماندا تەکانمان نەخواردوە، کێمان هەیە دەسمان بگرێ؟ ئەوە مامە کەریمە، ئەوەش وەزعیەتی، چوار ساڵە ناوی نوسیوە تەراکتورێکی نۆێ پێ بدەن، هەر ناوی دەرناێت، ئەڵێ :«لە جەهاد کەشاوەرزی کەس ناناسی ناوەکەم بخاتە بەرەوە  » ئەڵێم: مامۆ یەک کەسم دەناسی ڕەفێقی گیانی بووین، ئەویش هیچ دەسەڵاتی نەبوو.

ئەڵێ: ئێستە لە کویێە؟ ئەڵێم: هیچ، لەسەر کار دەریان کردوو ئێستە شاتر نانەوایە.  ئەوەیش خاڵو عەلیمە ئەوندە ساعەت فرۆشی کردوە و شار بەشار گەڕاوە چۆکی دەیشێت ئەڵێ: ڕۆڵە بزا لە ئیدارەیێ، شیرکەتێ شتێ کارێکم بۆ نادۆزرێتەوە ؟

ئەڵێم: خاڵۆ خۆت ماشەڵا دنیا دیدەی ئەم شارەی خۆمان کاری کەمە، تەنانەت ئابدارچیش…

ئەڵێ: ئەی تۆ لەوێدا چی ئەکەی ؟

ئەڵێم:خاڵۆ من پلەو پایەم لە خوارەوەیە کەسم نیە.

دەی ئێوە بڵێن، من کێم هەیە ؟

کوورش محەممەدی (سنه)

 

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا