اجتماعیاسلایدفرهنگییادداشت

پیشانگای ڕووناکبیران

یەکەم ساڵ کە وەکوو‌ دکتورێک دەستم بە کار کرد، بەپێی دەستوور منیان نارده شارێکی دوور. بە هۆی ئیش و کاری نێو خەستەخانە، لەگەڵ بنەماڵەیێک بوومە ناسیار کە خۆیان بە ناوەندی کەلتوور و ئەدەب و هونەری ئەو شارە دەزانی. ماڵێکی زۆر گەورەیان هەبوو، لە ناوەڕاستی باخێکی دڵڕفێن. پیاوی ئەو بنەماڵەیە پیاوێکی دەوڵەمەند و هەروەها قسەخۆش و میواندۆست بوو. خێزانەکەی چیرۆکی دەنووسی. لەو چیرۆکانەی وا خۆشن بەڵام هیچکات ڕوو نادەن. کچی ئەو بنەماڵەش ژەنیار بوو. هەموو شەوێ ڕووناکبیرانی شار لە ماڵی ئەوان کۆ دەبوونەوە. هەتا نیوەشەو دەنگ و هەرایان بوو. باسی خۆیان دەکرد کە دوێنێ لە فڵانە کۆڕی ئەدەبی بوون و سبەی دەچنە فڵانە کۆڕی تر. لەو نێوانەش بۆنی کەباب و دوکەڵی سیگار و دەنگی پێکەنین جمەی دەهات! من زۆر جار نەمدەزانی ئەمانە چی دەکەن. جارێک لە ساڵیادی فڵانە شاعیر و جارێک لە ساڵیادی فڵانە گۆرانیبێژدا بەشدار دەبوون. هەموو جارێ قسەیان، هەر قسەکانی پێشوو بوو. ڕێک وێنەی قەوڵنامەکۆنەکان، تەنیا جێگەی ناوەکان دەگۆڕدران.

ئاخرەکەی نەمزانی ئەرێ ئەوانە وەرگێڕن، شاعیرن، مێژووناسن، هونەرمەندن! دیارە، ڕاوی ڕێوی بۆ کەوڵەکەیەتی. هۆکاری چوونی منیش بۆ ئەو ماڵە نە قسەی خۆشی باوکەکە بوو و نە چیرۆکی دایکەکە. هەموو شتێک لەو ماڵەدا بۆ من، بە کچەکەیان کۆتایی پێدەهات. لە ڕاستیدا ئەو ماڵە ببوو بە لانکەی دڵم. بە بیانووی باسی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی خۆم تێکەڵی ئەوان کردبوو. بەڵام هەموو دەم دڵم تینووی تەماشای ئەو کچە بوو.

ئاخری ڕۆژێک لەژێر سێبەری دارێک، لە باخی خۆیان، بەدەم شنەی بای وەرزی بەهار و وەرینی شکۆفەی ناسک، هەروا‌ کە‌ دەستم بە‌سەر دڵمەوە بوو وتم: ببمە نەزرت، ئیزنم بدە بنێرمە خزمەتی باوکت بۆ خوازبێنی… بەڵام وڵامی ئەو کچە خستمیە هەناسەبڕکێ. ئەو وتی: هاوسەرگیری کارێکی بچووکە، بۆ کچێکی ڕووناکبیر. شتێکه وەکوو جلشۆردن. ژیانێک بەو چەشنە بێت، لە چێشتخانە کۆتایی پێ دێت! دەیگوت دەمەوێ بڕۆمە زانکۆی هونەرە جوانەکان و ببمە ژەنیارێکی کارامە. لەو کاتەدا من هیچ وڵامێکم نەبوو. ئاخر چۆن دەمتوانی بەو کچە بسەلمێنم کە هونەری ڕاستەقینە لە ژیان جیا نییە؟ ئەو ڕوانینەی وەکوو کزەبا، شەمی ئاواتی منی کوژاندەوە. هەر قسەیێکم کردبا، دیسان دەبوو بە باسی جل‌شۆردنەکە. زمانم لە زارمدا ماسی و ئەویش تەنیا دەیڕوانی.

پاش چوونی ئەو کچە بۆ زانکۆ و بەجێهێشتنی شار، منیش شیرم بە دۆ دەرچوو. بۆیە ئیتر لەوە بەدوا ڕووم لەو ماڵه نەکرد. زۆری خایاند تا هاتمەوە سەر هێڵی جاران. هەر بەو‌ بۆنەوە زۆرتر کارم دەکرد هەتا ئەو بیرەوەرییە کزر بێتەوە. بەیانیان تا لای نیوەڕۆ لە خەستەخانە بووم. پاش‌نۆێژانیش شوێنێکم بۆ خۆم کردبوو بە نووسینگە و مەتەب. چوار ساڵم بەوشێوە ڕابورد. چوار ساڵ ماوەیێکی کەم نییە بۆ پارە کۆکردنەوە بۆ منی سەڵت و ڕەبەن.

پاش دابڕان لەو کۆڕە، زۆرتر سەرەنجی خەڵکی ئاساییم دەدا. ئەو کاتە بوو کە شتێکی دیکەم بۆ دەرکەوت. کاتێ باسی پارە و زێڕ و مڵک و ماڵ دەکەی خەڵک گوێقوڵاخ ڕادەوەستن. بەڵام کاتێ باسی کتێب و مێژوو دەکەی، یەکێک سەیری کاتژمێری سەر تاقەکە دەکات و یەکێک خۆی دەخورێنێ و یەکێک دەڵێ چایەکەتان ساردەوە نەبێت و… چاوەڕوانی گەیشتن بە کۆتایی قسەکەن تا گەیشتن بە ماناکەی. پاش چوار ساڵ ڕۆژێک نامەیێکم پێ گەیشت لە لایەن هەمان کچەوە. زانیم ماوەیێکە گەڕاوەتە. داوای کردبوو بچم بۆ ماڵیان و چاومان بە یەکتر بکەوێ.

شەوێک چووم بۆ ماڵیان. تازە چراکانیان هەڵ کردبوو. لە دووڕ‌ڕا دەنگی هەرا و‌بەزمی میوانان دەهات. کە چوومە ژوورەوە، هەر ئەو کەسانە، هەر ئەو قسانە. هەر کۆڕنشینی و هەر کەیک خواردن… بۆ چەند ساتێک پێکەوە چووینە نێو باخ. تریفەی مانگەشەو دنیای ڕووناک کردبوو. چوێنە ژێر هەمان دار کە دوایین جار پێکەوە دانیشتین. ئەو کچە لە چاو ساڵان ڕەنگە بڵێم جوانتر ببوو. بەڵام من ئیتر ئەو هەستەم نەمابوو.

دەیگوت لە زانکۆ زۆر بیرم لە تۆ کردۆتەوە. وتی منیش هەر ئەوەندە هونەرمەندم، کە دایکم نووسەرە. هونەر و ئەدەب بۆ بنەماڵەی ئێمە و دۆستانمان، تەنیا ڕابواردن و نمایشە. لە کاتی قسەکانی ئەودا من بیرم لەوە دەکردەوە، ئەگەر خودا نەمکوژێ، ئاخۆ چەند ساڵی دیکە دەتوانم خەستەخانەی تایبەت بە خۆم هەبێ؟ بە دەیان دکتۆر و پەرەستارەوە. ئەوین بۆ من بە هێواشی مانای خۆی لە دەست دابوو.

ئانتوان چێخوف/ سروژ استپانیان

خوێنەری خاوەنبیر! ڕووناکبیر دەبێ بە چەکی ئەدەب و هونەر بێتە مەیدانی خەبات. بۆ گۆڕانی کۆمەڵگایەک کە هەموو پێوەرێکی پارەیە. کەچی کەسانێک ئەدەب و هونەر دەکەنە پردێک بۆ ڕابواردن و لەبیرکردن. ئەوان ڕەنگە مەبەستی خراپیان نەبێت بەڵام بەو کارەیان ئەخلاق و هونەر و ئەدەب دەکەن بە نەمایش و هێما پیرۆزەکان سووک و بێ مانا دەکەن. کورد هەم ڕووناکبیری هەیە و هەمیش کۆڕچی. ئەوانە دوو کەسایەتی جیاوازن.

عیسا ئەحمەدی/سنه

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا