
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
خۆزگە دەتزانی چیم لە دڵدایە
لەژێر باران، شەودرەنگان، بەرەو ماڵ دەهاتمەوە. ئاسمان بە تەواوی نێوچاوانی تێک نابوو. باران بێوچان شانی لێ شل کردبوو. هەورەکان بە برووسکەی خۆیان جارنەجارێک شەقامیان ڕووناک دەکردەوە. لە یەکێک لەو جارانەدا بۆ چرکەساتێک ژنێکم دیت کە لەنێو قوڕو چڵپاو کەوتبوو.
بەپەلە چوومە پێشەوە. لەوبەری شەقامەوە دەنگێک هات: کوڕە، وازی لێ بهێنە. دێڵەشڕی وا هەر لە قوڕدابێ باشترە. وتم: هەرچی بێت هەر مرۆڤە. برووسکەیەک ئەویشی پێناساندم. پۆلیسێک بوو کە لە پەنایەک خۆی مات دابوو. مژێکی دا لە جگەرەکەی و وتی نەمزانی ئێوە خدری زیندەن! بیبەرەوە ماڵێ.
لە سێ کۆڵان خوارترە. ژنە خۆی بە پێوە نەدەگرت. هەر چۆنێک بوو لەژێر هورووژمی باوبۆران، بردەمەوە بۆ ماڵ. بەڵام ماڵی چی؟ خۆزگەم بە گەوڕی گاوان، نزم و نماوی. کە چووینە ژوورەوە، دەنگی منداڵێک هات، دایە گیان! ئەتۆی؟ چراکە هەڵکەم؟ ژنە نووزەیێکی لێوە هات: ئەی کێیە ڕۆڵە؟ پاشان وێنەی داری وشک بە سەر جێگاکەیدا کەوت.
منداڵێک بێهێز و لاواز، وێنەی هەناری هەڵمژیاو لای خوارووی ماڵەکە لاقی درێژ کردبوو. وتی ئاغا! چراکەتان لێ بکوژێنمەوە؟ وتم: چرا بۆچی دەکوژێنیتەوە؟ سەری داخست و وتی: ئیتر! لە لای دانیشتم. بە دەوری خۆیدا چەند دانە قوتووی دانا بوو. وتم ئەمانە چین؟
وتی: وریابە دەرکەیان لێ ئاوەڵا نەکەیت! نەوەک هەڵێن. لەنێو هەر کامە حەشەرەیێکی دانابوو. هەزارپێ، خشخشە، مەشکەدڕە، ئاگردزە، جۆڵایکەرە، هانەگولانە و… بۆ هەر کامەش ناوێکی دانابوو. دەیگوت ویزەویزی ئەو مێشە وەکوو قسەکردنی ئەو کابرایەیە کە دەڵێ نیگابانی شارەوانیم.
بڕێ شەوان هەر ئێوارە دێ، ئەو قالۆنچە قاچ درێژە وێنەی مەلای گەڕەکە. ئەو تەنیا نیوەشەوان دەردەکەوێ و… وتم: بۆچی ئەوانەت ڕاگرتووە؟ بە قامک ئاماژەی بە هەردوو پێی ئیفلیجی کرد و وتی: کاتێ دایکم لە ماڵ نییە، ئەمانە دەبن بە هاوڕێم. هەر کامە قسەیێکم بۆ دەکەن. مرۆڤەکان دێن و خێرا دەرۆن. بەڵام ئەمانە هەر لە لامن.
دەیپرسی ئاخۆ ئەگەر ئەو جڕو جانەوەرانە خواردەمەنی زۆر بخۆن دەبنە قەدەر گەماڵێک یان کەرێک؟ وتم ڕەنگە. وتی: تۆ ئیش و کارت دزییە؟ پێکەنیم و وتم: نا، من کرێکاری خەڵکم. ئەمشەو درەنگ کارمان دوایی هات. ئیستەش دەبێ بڕۆم.
وتی سبەی شەویش دێیتەوە؟ وتم دایکت ڕازییە؟ وتی دایکم زۆر ژنێکی باشە. هیچکات بێدڵی من ناکات. شەوانێ کە لە ماڵەوە تەنیایە، گۆرانیم بۆ دەڵێ. تەنانەت لایەلایەشم بۆ دەکات.
شەوی دوایی چەند کولێرە و هێندێ نووقڵ و پەپوولەیێکم بۆ برد. دایکی لەماڵ بوو. بە دەم هەڵکردنی سەماوەرەکەوە وتی: دوێنێ شەو کەوتیتە عەزیەت. کوڕەکەم هەر باسی تۆی دەکرد. کۆڕە پێکەنی و وتی دایکم دەڵێ تۆ شێتی. دایکی قسەکەی گۆڕی و وتی ئەو کوڕەم ئەگەرچی وێنەی بەرخێک کە لە کۆزەران لەوەڕی بێت بێگیانە، بەڵام چاوانی زۆر جوانن. کوڕە وتی خۆزگە چاوێکم نەبا بەڵام توانای ڕێڕۆیشتنم هەبا.
وتم: پێت خۆشە بۆ کوێ بچی؟ وتی با تۆزێک گەورە بم، بۆخۆم دەچمە مەیدانی گەورەی شار. لەوێ سواڵی دەکەم. پاشان بەو پارە دەچمە ئەو شوێنە خۆشانە کە تەنیا تاریفیانم بیستووە. وەکوو پارک و سینەما . تا شەوگار شەق بوو قسەمان کرد. دواتر کوڕە خەو بردیەوە. بە ئارامی پرسیم بۆچی بەو منداڵەت وتووە من شێتم؟ پاش تۆزێک بێدەنگی وتی: زۆر کەسم بینی کە هاتن و وتیان شاعیرن، خێرۆمەندن، شۆڕشگێرن. کەچی له کۆتاییدا هەموویان یەک شتیان دەویست. بەڵام تۆ وا نەبووی. وتم ئەو منداڵە باوکی نییە؟ وتی لە بێکەسی مێردم کرد بە پیرە پیاوێک کە خاوەنکارم بوو. ئەو مرد و ئەم ژیانە بەژان تێکەڵاوەش ئاکامەکەیەتی. ڕۆژمان لە شەومان ڕەشترە. خەڵکیش وێنەی مردووی مووسایی سەیرمان دەکەن. ئێستاش ناچارم بەو کارە.
یاخودا ئەو نانە نەکەوێتە هیچ ماڵێک. وتم: دڵنیای هەر بۆ نانە؟ من دەوڵەمەندم دیوە کە لەنێو هەنگوین دەتلێتەوە و ئەو ئاکارەشی هەیە. کەشک هەر برای دۆیە. پێکەنینێکی خەماوی کرد و وتی: جیاوازین. من هەڵبژاردنم نییە. هەرکەس هەڵم ببژێرێ. بەڵام ئەوان…. لە بەر کەیف و بە کەیفی خۆیان هەڵدەبژێرن.
لەو کاتەدا کوڕە هاواری کرد: دایکە گیان! هەڵاتن، هەڵاتن. دایکی وتی: خەو دەبینێ. دەبێ بڕۆم بۆ لای. چوومە نێو حەوشە. جگەرەیێکم داگیرساند.
گوێم لە دەنگی بوو:
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
خۆزگە دەتزانی چیم لە دڵدایە
ئاسمان، شین و بەرز بۆ من بێخێرە
چۆن ڕێوی و چەقەڵ بە ماڵت فێرە
مروڤێک نەبوو چرای ویژدانی
بۆ دایکت هەڵکات شەو تا بەیانی
هەی لایە لایە ڕۆڵە لای لایە
خۆزگا خۆر وێژدان زوو هەڵهاتایە…
کاتێ لەو ماڵە دوور دەکەوتمەوە جگەرەکەم دامرکا بوو. بەڵام ئەو لای لایە لە مێشکمدا هەر دەسووڕایەوە.
ماکسیم گورکی/ برایم وێنسی (یوونسی)
خوێنەری خاوەنبیر! گوورکی مەزن هاوار دەکات کە یاسا هەیە، بەڵام داد نییە شار هەیە، بەڵام پەنای مرۆڤ نییە. مرۆڤ زۆرن، بەڵام مرۆڤایەتی کەمە بەڵام ئێوە لانیکەم چرای ویژدان هەڵکەن.
عیسا ئەحمەدی/سنه




