اسلایدفرهنگییادداشت

کوێرایی (کوێری)

پیاوێکی شۆفێر لە سەر چوارڕیانێک، لە ناکاو هەستی کرد کە کوێرایی داهاتووە و هیچ نابینێ. بۆیە نەیوێرا لەو شوێنەی خۆی ببزوێ و بوو بە هۆی ڕێبەندان.

خەڵکی لێی کۆبوونەوە. کابرا تکای کرد کەسێک هەر بەو ماشێنەی خۆی بیباتەوە بۆ ماڵ. بە یارمەتی لاوێک گەڕاوە بۆ ماڵی خۆی. کەچی کاتێ دابەزی، لاوی یاریدەر ماشێنەکەی ڕفاند. کاتێ خێزانی هاتەوەو ئەو حاڵ و ڕۆژەی دیت، بردیە لای دکتۆرێکی شارەزا. هەرچەندە زۆر نەخۆشی دیکە چاوەڕێ بوون بچنە ژوورەوە بەڵام کە دیتیان پیاوێکی کوێریان هێناوە، ئێزنان دا پێش لە هەمووان بڕواتە ژوورەوە. دکتور زۆری پێ سەیر بوو کە کەسێک لەپڕا وای بە سەربێت. بۆیە ڕاوێژ و هاوبیری چەندین زانای دیکەی ئەم بوارەی بە پێویست زانی و وتی: سبەینێ بێهێننەوە. بەڵام هەمان شەو؛ دزەکە، دکتور و تەواوی ئەو کەسانە کە پیاوە کوێرەکەیان دیبوو؛ هەر هەموویان کوێر بوون. ئەم هەواڵە لە نێو شار دەنگی دایەوە کە جۆرێک کوێری گشتگیر، کەوتۆتە نێو خەڵک کە لە ڕێگای ڕوانینەوە تەشەنە دەکات. حکوومەت بە زووترین کات خەستەخانەیەکی چۆڵ کرد و تەواوی ئەوانەی کە کوێربوون بردە ئەو شوێنە. کاتێ کە چوون دکتۆریش بەرن، ژنی دکتۆر بە درۆ وتی منیش کوێر بووم و لەگەڵ مێردەکەی ڕۆییشت کە خۆی ئاگاداری بێت.

بنکەیێکی سەربازیان لە دەرەوەی خەستەخانە دانابوو کە هیچ کوێرێک نەیێتە دەرەوە. سەربازان هەموو ژەمێک خواردەمەنیان دەبردە نێو حەوشە و خۆیان دەکشانەوە. کوێرەکان بە لەپەکوتێ دەهاتن و نانی خۆیان هەڵدەگرت. هیچ مرۆڤێکی چاوساغیش نەیدەوێرا خۆبەخشانە بۆ یارمەتی بچێتە نێو کوێران. بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پیسایی زۆرتر خەستەخانەی هەڵگدەگرت. کەسانێک کە دەیانزانی کەس نایانبینێ، لە سەرەڕیگا پیساییان دەکرد، هەر کەس هەوڵی خواردەمەنی زۆرتری دەدا، منداڵان و ژنان و پیران زۆرتر ژێرپێ دەکەوتن. تەنیا ژنی دکتور بە تاقی تەنیا بەبێ ئەوەی کەس پێی بزانێت، خەستەخانەی خاوێن دەکردەوە، یارمەتی منداڵان و پیرانی دەدا. بەڵام ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەی کوێرەکان بەرزتر و دۆخەکەش ناڵەبارتر دەبوو. سەربازان لەبەرئەوەی کە کوێر نەبن، خۆراکی چەندین ڕۆژیان بەجارێ دەبردنە نێو حەوشە. ناپیاوێکی لات و جەردە هەموو پیاوخراپانی لە دەوری خۆی لە شوێنێکی تایبەت کۆ کردەوە و مافیای خەستەخانەی پێک هێنا، دەمانچەشی پێ بوو. سەربازان هیچ خۆتێوەردانێکیان نەدەکرد و حەزیان دەکرد کوێرەکان یەکتر تیابەرن.

هەر ڕۆژێک کە خۆراک دەهات، مافیا بە تێڵا و کوتەک، سەرجەم خۆراکیان دەبردە شوێنەکەی خۆیان. ڕایان گەیاند: دەبێ نرخی نان ببژێرن. نان لە بەرانبەری ملوانکە، ئەنگۆستیلە، خڕخاڵ، پاوانە، پارەو هەر شتێکی بەنرخ. ڕۆژێک دکتۆر بۆ کرێنی نان چووە لای ئەوان. تێ گەیشت هەرچەندە کوێرن بەڵام ڕێکخراوەی ڕێک و پێکیان هەیە. زانی چەندین کوێری زکماکیان لەگەڵە کە زۆر شارەزای ئەوجۆرە ژیانەن، شێوەنووسینی برەیل باش دەزانن و خوێندەوارن. زێر و ئالتون و پارە و هەموو شتە بەنرخەکان دەناسن. کاتێ کە کوێرەکان هیچیان پێنەما بۆ کرێنی نان، مافیا ڕایگەیاند: ژنان و کچانتان لە بەرانبەر ناندا بگۆڕنەوە. ژنی دکتور کاتێ بۆ شتی بایەخدار گەڕابوو دوو شتی دەست کەوتبوو: مەقەستێکی تیژ و شەمچەیێک. بۆیە خۆی گەیاندە سەرۆکی مافیا و مەقەستی کوتایە شادەماری لاملی. پاشان ئاوری بەردایە بنەوبارگایان. ژنانی ڕزگار کرد و دەرکەی لەوان داخست. تێکڕای دیکەی کوێرەکان چوونە نێو حەوشە، نەوەک ئاور بگاتە لای ئەمان. ژنی دکتۆر چاوی بە بنکەی سەربازەکان کەوت کە چۆڵە! ڕایگەیاند کە من کوێر نێم و کەوتە پێش کوێرەکان بەرەو نێو شار. هەموو خەڵکی شاریش کوێر ببوون. شاریش هەر حاڵ و ڕۆژی خەستەخانەی بوو، پڕ لە زبل و لاشەی مردووان. ژنی دکتور و مێردەکەی، منداڵێک و چەن ژن و پیرەپیاوێکیان لە گەڵ خۆیان بردەوە بۆ ماڵ. لە ڕێگا تووشی چەندین قەشەی کوێر هاتن کە باسی قەبر و قیامەتیان بۆ خەڵک دەکرد. چەند حیزبی کوێرانەش بە سەرۆکایەتی چەند کۆنە دەسبڕی کوێر دامەزرا بوو کە وتاریان پێشکەش دەکرد بۆ دواڕۆژی روون. ژنی دکتور لە ماڵی خۆی خزمەتی ئەو هەژارانەی دەکرد. هەوڵی دەدا خواردەمەنی و جلیان بۆ وەگیربخات. وەکوو خێزانی ماڵێک بە بێ جیاوازی پێکەوە دەژیان. ڕۆژێک کە لە خەو هەستان، زانیان چاویان لە جاران ڕوونتر بۆتەوە..  ژۆزێ ساراماگۆ ۱۹۹۵/(مینو مشیری)

خوێنەری بەڕێز؛ دیارە مەبەست لە کوێر، نەک ئەو هەژارەیە کە شەو و ڕۆژی وەکوو یەکە. کوێر ئێمەین کە جگە لە قازانجی تاکەکەسی خۆمان، مافی کەسی دیکە نابینین. لە ناڕێکیەکانی کۆمەڵگا خۆمان گێل دەکەین. بۆ چوار ڕۆژ، ژیانی زۆرتر، لەگەڵ هەر جۆرە پەستیەک ڕادین…ڕووناکبیری ڕاستەقینە ئەوکەسەیە کە دەردەکان ببینێ و خۆی بە بەرپرس بزانێ و بە بێچاوەڕوانی تێکەڵ بە دەرد و زامی هەژاران بێت. ڕووناکی ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە یەکدڵ و یەکگرتوو بین. ئەگەر حەقیقەت نەپارێزین، نوقمی گەندەڵی دەبین…

عیسا ئەحمەدی/سنه

نوشته های مشابه

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

دکمه بازگشت به بالا